ناس کورد-
وتەبێژی لیژنەی ئاسایشیی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد، دانوستانەکانی نێوان ڕیاز و تاران گەیشتووەتە قۆناغ دووبارە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەبوفەزل عەموئی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی "مهر"ی ئێرانی (20ی ئابی 2022) وتی، "دانوستان و گفتوگۆکان بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر باش" و هیوای خواست "دانوستانی دیبلۆماسی نێوان هەردوولا بەزوویی دەستپێبکات، چونکە بەدڵنیاییەوە دەبێتەهۆی زیندووکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانیش."
ئاماژەی بەوەشکرد کە "سەربار ئەوەی ئێران دەوڵەتێکی گەورە و کاریگەرە لە ناوچەکە و ڕەخنە لە سعودیە دەگرێت لە چەند بابەتێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی، ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەو دوو وڵاتە پەیوەندییان نەبێت و ڕای یەکتر ئاڵوگۆڕ بکەن."
وتەبێژی لیژنەی ئاسایشیی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران وتیشی، "بنیادنانی پەیوەندی دووقۆڵی و بەهێزکردن و چالاککردنی بابەتێکی گرنگە و پێویستی بە کات و کار هەیە."