ناس کورد-
میدیاکانی لوبنان وردەکاریی زیاتریان لەبارەى دەستگیرکردنی عەبدوڵا یاسر سەبعاوی، کوڕەزای زڕبرای سەدام حسێنیان ئاشکرا کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ئەلجەدیدی لوبنانی لە هەواڵێکیدا (20ی ئابی 2022) ڕایگەیاند، "ئێستا سەباوی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی لوبنانەوە دەستبەسەرە، ئەوەش لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی عێراق".
کەناڵەکە رەتیکردەوە کە سەبعاوی "هیچ تاوانێکی ئەنجامدابێت یاخود فەرمانی دەستگیرکردنی ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی لە دژی دەرچووبێت".
ڕوونیشیكردەوە كە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە شەخسی داوای لە بەیروت كردووە كە سەبعاوی ڕادەستی بەغدا بكاتەوە.
لای خۆیەوە بوشرا خەلیلی پارێزەر رایگەیاندووە، نەوال حسێن، خوشکی سەدام حسێن پەیوەندی پێوەکردووە، هەروەها سەعد سەبعاوی مامی عەبدوڵا و کەسانی دیکەی خێزانەکە لەبارەی دەستگیرکردنی ناوبراو پەیوەندییان پێوە کردووە، عەبدوڵا پاسپۆرتی یەمەنی پێبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندی بە داواکاری گشتی لوبنانەوە کردووە و ڕوون بووەتەوە کە عەبدوڵا تۆمەتبار نەکراوە بە ئەنجامدانی هیچ تاوانێک لە لوبنان، کە ماوەی چوار ساڵە بە مەبەستی کارکردن لەوێ نیشتەجێیە.