ناس کورد-
ژنێکی گەنج لە شاری فەلوجەوە لەگەڵ کوڕە هاوڕێیەکیدا هەلهاتووە بۆ هەڵەبجە و لەوێ منداڵە ساوەکەی لەگەڵ نامەیەکدا جێهێشتووە، پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت، ژنەکە و هاوڕێکەیان دەستگیرکردووە و منداڵەکەشیان گەڕاندووەتەوە بۆ باوکی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (پێنجشەممە 18-8-2022) ڕایگەیاند، "لە ڕۆژی 16ی ئەم مانگە لە فەلوجە، پیاوێک پۆلیسی ئاگادارکردووەتەوە کە ژن و منداڵەکەی دیارنەماون و شوێنیان نادیارە، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر ئەوەدا، لە سەیرانگای زەڵم لە ناحیەی خورماڵ منداڵێکی ساوا دۆزرایەوە کە بەجێهێرابوو کە منداڵی ئەو پیاوەیە."
وتیشی، "دواتر دەرکەوت کە منداڵەکە لەلایەن دایکییەوە بەهاوکاری کەسێکی دیکە فڕێدراوە کە ژنەکە لەگەڵ ئەو کەسەدا ڕۆشتووە، بەڵام توانیمان هەردووکیان دەستگیربکەین و لەئێستادا دایکەکە و ئەو پیاوەشی لەگەڵیدا هاتووە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت."
بەوتەی بەرزان عوسمان، ژنەکە دەڵێت، "من کێشەم هەبووە لەگەڵ هاوسەرەکەم، بێتاقت بووم لە ماڵەوە و ویستومە بچمە دەرەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ خزمایەتییەک لەنێوان ژنەکە و پیاوەکەدا نییە، بەڵکو لە زانکۆ هاوڕێی یەکتر بوون، کاتێک منداڵەکەشی جێهێشتووە پێناس و ناونیشانی ئەو منداڵەی نوسیوە، ئەوەش بۆ ئەوەی منداڵەکە بۆ باوکی بگەڕێندرێتەوە."