گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆبوونەوەی لایەنەکان لای کازمی دەستپێکرد و سەدرییەکانیش بەشدار نین

2022.08.17 - 13:35
App store icon Play store icon Play store icon
کۆبوونەوەی لایەنەکان لای کازمی دەستپێکرد و سەدرییەکانیش بەشدار نین

ناس کورد-

کۆبوونەوەی سەرجەم لایەنەکانی عێراق لە کۆشکی حکومی و لەسەر داوای مستەفا کازمیی سەرۆکوەزیران لە بەغدا دەستپێکرد، بەڵام سەدرییەکانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە ڕاگەیەنراوێکدا (17ی ئابی 2022) ڕایگەیاند کە "ڕەوتی سەدر بە هەموو لق و ناونیشان و کەسایەتییەکانییەوە بەشداری لەو دیالۆگە سیاسییەدا ناکات کە سەرۆکوەزیران داوای کردبوو”.

 

دوێنێ سێشەممە مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق بانگهێشتی سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئەمڕۆ له‌ کۆشکی حكومه‌ت لە بەغدا به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نیشتمانی بكه‌ن و وتی، "دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌زگا ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان، نابنه‌ لایه‌ندار له‌ هیچ ناكۆكییه‌كی سیاسییدا."

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا مستەفا کازمی (16ی ئابی 2022) ڕایگەیاند، "له‌ سۆنگه‌ی به‌رپرسیارێتیی نیشتمانییه‌وه‌ بانگه‌واز له‌ برایانی سه‌ركرده‌ی هێزه‌ سیاسییه‌ نیشتمانییه‌كان ده‌كه‌م، به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نیشتمانی بكه‌ن کە له‌ بینای حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌چێت."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامانج لە كۆبوونه‌وه‌كه‌، ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی نیشتمانیی جددی و هاوبه‌شه‌ له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێک بۆ قه‌یرانی سیاسیی ئێستای عێراق و هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و ره‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی گونجاوه‌ کە له‌ ئاستی خواسته‌كانی گه‌لانی عێراقدا بێت."

 

هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای له‌ سەرجەم لایه‌نه‌ نیشتمانییه‌كان كردووه‌، گرژییه‌كانیان له‌ ئاستیی شەقام و میدیایی هێور بكه‌نه‌وه‌.

 

مستەفا کازمی جەختیشی کردووەتەوە، دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌زگا ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان، نابنه‌ لایه‌ندار له‌ هیچ ناكۆكییه‌كی سیاسییدا و سەرنجیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ن ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان لێكه‌وته‌ و كاریگه‌ری نه‌رێنیان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و ئاسایش هه‌بێت.