کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز بەپێی یاساکانی هاتوچۆ لە هەرێم، هەر کەسێک لایتی "زینۆن" بۆ ئۆتۆمبیلەکەی دابنێت، بەبڕی 30 بۆ 50 هەزار دینار سزادەدرێت و پێویستە لایتەکەش لێبکاتەوە، بەڵام ئەو یاسایە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزیان پێیە و ئۆتۆمبێلەکانیان لە کارگەوە ئەو جۆرە لایتەیان پێوەیە. لایتی "زینۆن" کە جۆرێک لە لایتی زۆر بەهێزی ئۆتۆمبێلە و ڕەنگی سپییە، ڕووناکییەکەی هێندە بەهێزە کاتێک بەر چاوی شۆفێری بەرامبەر دەکەوێت یاخود لەڕێگەی ئاوێنەکانەوە لە دواوە بەر چاوی شۆفێر دەکەوێت، "شەوارە"ی دەکات و چاوی تێک دەدات، ئەوەش هۆکارێکە بۆ دروستبوونی ڕووداوی هاتوچۆ. . بەرپرسێکی هاتوچۆ پێیوایە، پێویستە ئەو یاسایە بۆ هەموو شۆفێران بێت و حکومەتی هەرێم چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە، نەوەک بەشێک بگرێتەوە و بەشێکیش بە ئازادی بەکاری بهێنێت. فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک هاتوچۆ ڕێگریمان لەوە کردووە کە هاوڵاتیان ئەو جۆرە لایتە بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان دابنێن و سزایان دەدەین، چونکە چاوی شۆفێرانی دیکە تێکدەدات و بەهۆیەوە بەباشی شەقامەکە نابینن، ئەوەش دەبێتەهۆی کەوتنەوەی ڕووداوە". .