گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەرمی کچە شەش ساڵانە ئێزدییەکە لە زاخۆ دۆزرایەوە

2022.08.12 - 23:53
App store icon Play store icon Play store icon
تەرمی کچە شەش ساڵانە ئێزدییەکە لە زاخۆ دۆزرایەوە

ناس کورد-

پۆلیسی زاخۆ ئاشکرای کرد، دوای نزیکەی 24 کاتژمێر لە دەستگیرکردنی بکوژی فارووق میرزا و کچەکەی، کەمێك بەر لە ئێستا تەرمی ئاخینک فارووقی شەش ساڵان دۆزرایەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

ئەمڕۆ پۆلیسی دھۆک ئاشكرایكرد، لە زاخۆ کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی باوکێک و بێسەروشوێنبوونی کچەکەی دەستگیر کردووە، دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵیدا، دەرکەوتووە کچەکەشی کوشتووە.

 

رۆژی 4ی ئابی 2022 ئاوارەیەکی کوردی ئێزدی بەناوی فارووق میرزا خەلەف، تەمەن 42 ساڵ لەگەڵ کچە بچووکەکەی بەناوی ئاخین لە گوندی حەسەن رەشۆی سەر بە قەزای زاخۆ بێسەروشوێن بوون، دوای چوار رۆژ پۆلیس تەرمی فارووقی دۆزییەوە و شەوی رابردووش تەرمی ئاخین فارووق دۆزرایەوە.


شەوی رابردوو 11ی ئابی 2022 پۆلیسی دهۆک لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، پۆلیسی نەھێشتنی تاوان لە دھۆک دوای کۆکردنەوەی زانیاری، توانی بکوژی (فارووق میرزا خەلەف) لە گەڕەکی سەرھلدان دەستگیر بکات.


فارووق میرزا، ئاوارەیەکی كوردی ئێزدی بوو، له ‌ساڵی 2014وە له ‌که‌مپی چه‌مشکۆ له ‌زاخۆ ده‌ژیا. رۆژی 8ی ئەم مانگە، بەڕێوەبەری پۆلیسی زاخۆ بە رووداوی گوتبوو، لەسەر رووداوی کوشتنی فارووق فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ کەس دەرچووە.


بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، وەک لە روونکردنەوەکەی پۆلیسی دھۆکدا ھاتووە بکوژەکە دانی بە تاوانێکی دیکەش ناوە، ئەویش کوشتنی کچەکەی فارووقە.

 

ئەمشەویش دوای زیاتر لە هەفتەیەك، تەرمی کچە شەش ساڵانەکەی دۆزرایەوە.

بکوژەکە پێشتر تاوانی کوشتنی ئەنجامداوە و دوای سێ ساڵ ئازادکراوە، هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ساڵی 2021 بکوژ بە تۆمەتی رفاندنی دوو کچە منداڵی پەنابەری رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکرابوو، دوای ئەوەی لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتبوو دوو منداڵەکە دەباتە دەرەوەی شار، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئەوکات دادگا بکوژەکەی ئازادکرد، تا ئێستاش چارەنووسی ئەو دوو منداڵە نادیارە.