گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانکۆی سەلاحەدین: یەکپۆشی دەبێتە بڕیار و جێبەجێ دەکرێت

2022.08.10 - 11:48
App store icon Play store icon Play store icon
زانکۆی سەلاحەدین: یەکپۆشی دەبێتە بڕیار و جێبەجێ دەکرێت

ناس کورد-

کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکپۆشی دەبێتە بڕیار و جێبەجێ دەکرێت، دەشڵێت، پێویستە هەموو قوتابییەک پێیەوە پابەند بێت، باس لەوەش دەکات کە بڕیارەکە بۆ قەدەخەکردنی باڵاپۆشی نییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پێشتر لە 06-08-2022، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ئەوەی رایگەیاندبوو کە سیستەمی یەکپۆشییان بۆ ساڵی نوێی خوێندن راگەیاندووە و ئامانجیان ئەوەیە جیاوازیی کۆمەڵایەتی کەمبکەنەوە و خوێندکاران زیاتر بیر لە خوێندنەکانیان بکەنەوە نەک جلوبەرگەکانیان. بۆ ئەو مەبەستەش بۆ وەرگرتنی رای قوتابییان و خوێندکاران، راپرسییەکیان لەڕێگەی ئەلکترۆنییەوە راگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10-08-2022، د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامی راپرسییەکەی راگەیاند و گوتی: "دوای ئەوەی لە سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەدین بیرۆکەی یەکپۆشیمان بۆ هات، بە ئامانجی کەمکردنەوەی جیاوازی و باری جیاوازی چینایەتی و کەمکردنەوەی ئەرکی سەرشانی خانەوادەی قوتابییان، ئەو بیرۆکەیەمان کردە راپرسی، راپرسییەکی ئەلیکترۆنیمان کرد و بە خۆشحاڵییەوە نزیکەی 11 هەزار و 450 قوتابی لە زانکۆی سەلاحەدین بە کوڕ و کچ بەشدارییان تێدا کرد".

پرسیار و ئەنجامی راپرسییەکە بەمشێوەیە بوون:

• ئەگەر یەکپۆشی رابگەیێندرێت، ئایا ئامادەی جێبەجێی بکەی یان نا؟
- 70.6٪ بەڵێ، 29.4٪ نەخێر.

• لەنێوان رەنگی سپی و رەساسی و رەش و سپی.
- 74.6٪ رەنگی رەش و سپییان هەڵبژاردووە.

• یەکپۆشی بارگرانیی لەسەر خانەوادەی قوتابی کەمدەکاتەوە؟
- 70.9٪ دەڵێت بەڵێ، 29.1٪ دەڵێت نەخێر.

• بەباشی دەزانیت جیاوازی هەبێت لەنێوان رەنگی کوڕان و کچان؟
- 58.3٪ دەڵێت نەخێر، 41.7٪ دەڵێت بەڵێ.

• پێتوایە یەکپۆشی کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی قوتابییان دەبێت؟
- 64.6٪ بەڵێ، 36.4٪ نەخێر.

• ئایا ئەو شێوازە راپرسییانە راستەوخۆ بە هەند وەردگری؟
- 79.6٪ بەڵێ، 20.4٪ نەخێر.

بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، ئەوان وەکو ئەنجوومەنی زانکۆی سەلاحەدین کۆبوونەوەی خۆیان دەکەن و ئەنجامی ئەو راپرسییە دەکەنە بڕیار و گوتیشی: "یەکپۆشی بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 جێبەجێ دەکرێت. ساڵنامەی خوێندن لە 04-09-2022 دەستپێدەکات، بەڵام ئێمە تاوەکو 1ی 10 دەرفەت بە قوتابییان دەدەین. لە 1ی 10وە دەچێتە واری جێبەجێکردن، پاشان راگر و سەرۆک بەشەکان بەرپرس دەبن لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە".

د. کامەران یونس ئاماژەی بەوە دا کە هەر قوتابییەک پابەند نەبێت بە بڕیاری یەکپۆشی، "یەکەمجار سزای ئاگادارکردنەوەی پێدەدرێت، جاری دووەم سزای هۆشداری پێدەدرێت و جاری سێیەم دەبێتە دوورخستنەوە (فصل) بۆ ماوەی یەک هەفتە".

سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین دەڵێت، ئەو بڕیارە بۆ قەدەخەکردنی پەچە و باڵاپۆشیی نییە و گوتی: "ئەو بڕیارە نە بۆ قەدەخەکردنی نیقابە، نە بۆ قەدەخەکردنی تەنوورەیە و نە بۆ قەدەخەکردنی باڵاپۆشییە (حیجاب)، بەڵکو تەنیا بۆ یەک رەنگییە".

سەبارەت بە رەنگەکانیش، د. کامەران یونس باسی لەوە کرد: "قەمیسی سپی لەگەڵ پانتۆڵی رەش یان رەساسی لە ئەنجوومەنی زانکۆ بڕیاری لەسەر دەدرێت، رەنگە هەندێک کۆلێژ رەش و سپی بێت و هەندێک رەساسی و سپی بێت، ئەمە لە ئەنجوومەنی کۆلێژ بڕیاری لەسەر دەدرێت و رای راگرەکانی لەسەر وەردەگیرێت".