کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- به مەبەستی خه‌رجكردنى پاره بۆ سه‌رژمێرى گشتى له‌عێراق و هه‌رێم، به‌غداد داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى بڕه پاره‌یه‌ك ده‌كات له هه‌رێم كه پێشتر بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه بۆى خەرج کردووە، لەکاتێکدا سهرژمێریهكهش ئه‌نجام نه‌دراوه. . سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم به ناس كوردى ڕاگه‌یاند: "هێشتا ئەو پرسە نەگەیشتۆتە خاڵى ناكۆكى، ته‌نها به‌شه بودجه‌ى هه‌رێم له بودجه‌ى ساڵى 2019 به‌ستراوه به پاره‌یه‌كى پێشوو، كه دراوه به هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێرى له ساڵى 2009 و 2010، ئه‌و پاره‌یه‌ش له به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان بڕدراوه و سهرژمێریهكهش نه‌كراوه". . سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم ڕونیشیكردەوه، وه‌زاره‌تى دارایى عێراق پێی وتون ده‌بێت پرسى ئه‌و پاره‌یه یه‌كلا بكرێته‌وه و وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێمیش ده‌ڵیت، ئه‌و پاره‌یه له بنه‌ڕه‌ته‌وه لەبەشە بودجەى هەرێم بڕدراوە. . پێشتر ناکۆکى لەسەر فۆڕمى ڕاپرسی هەبووە، لەوبارەیەوە سیروان محه‌مه‌د وتى: "پێشتر له‌و فۆڕمهى كه ساڵى 2009 بۆ سه‌رژمێرییه‌كه ئاماده‌كرابو، کە سه‌رده‌مى مالیكى بوو ناكۆكییه‌ك له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدادا هه‌بو، ئەوەش له‌سه‌ر پرسیارى نه‌ته‌وه بوو، ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانى به‌غداد ده‌یانویست ئه‌و پرسیاره بەلایەکى تردا ببەن، بۆ نمونه ده‌یانوت، هه‌ندێك لایه‌نى سیاسى داواى كردووه كوردى فه‌یلى به‌جیا له كورد هه‌ژمار بكرێت، هه‌روه‌ها بۆ ئێزدی و شه‌به‌كیش به هه‌مان شێوه، به‌ڵام ئه‌وه قبوڵنه‌كرا و ڕه‌تكرایه‌وه هێشتا گفتوگۆكان نه‌هاتوونه‌ته سه‌ر ئه‌و پرسه". . هه‌فته‌ى ڕابردوو، وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق ده‌ستپێكردنى ئاماده‌سازییه سه‌ره‌تاییه‌كانى بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێرى گشتى بۆ ساڵى 2020 ڕاگه‌یاند، بڕى پاره‌ى خهملێندراویش بۆ كۆى پرۆسه‌كه به دوو ملیار دۆلار مهزهندکرا. . .