ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، شنگال بووەتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی و ساڕێژکردنی برینەکانیان لاوازن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بافڵ تاڵەبانى لە پەیامێکدا بەبۆنەى ساڵیادى کۆمەڵکوژى ئێزیدییەکان وتى " ئەرکی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراقە هەنگاوی جددی و کرداریی بنێن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و گەڕانەوەی هیوا بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکان".
دەقى پەیامەکە:
لە ساڵیادی داگیرکردنی شەنگال و کۆمەڵکوژیی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان، سەری رێز بۆ شەهیدان دادەنەوێنین و بەڕێزەوە یادی قوربانییانی ئەو کارەساتە لەبیرنەکراوە دەکەینەوە.
ئەمڕۆ ٨ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە گەورەیەدا تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستاش سیماکانی ژیان لە شەنگال بەدی ناکرێت.
شەنگال بووەتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی و ساڕێژکردنی برینەکانیان لاوازن.
ئەرکی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراقە هەنگاوی جددی و کرداریی بنێن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و گەڕانەوەی هیوا بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکان.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەمووشێوەیەک پشتیوان و هاوکاری هەر هەنگاوێکە کە ببێتە مایەی بووژاندنەوە و سەقامگیری لە شەنگال و گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی. پشتیوان دەبین بۆ گەڕاندنەوەی ئازیزانمان و بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە گەورەیە.
دروود بۆ رۆحی پاکی شەهیدانی شەنگال و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٣ی ئابی ٢٠٢٢