کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى حەشدی شەعبی لە بەغدا ئۆپراسیۆنێکیان بۆ سەر قومارخانەکان و ئەو شوێنانەی کڕین و فڕۆشتن بە ماددەی هۆشبەر و ئافرەتەوە دەکەن ئەنجامدا، لە ئۆپراسیۆنەکەدا گەورەترین مافیای عێراقی دەستگیرکرا. . بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە ئاماژەى بەوە کردووە، ئۆپراسیۆنێکیان بۆ سەر باڕ و گازینۆ و قومارخانەکان و ئەو شوێنانەی کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەر و ئافرەتەوە دەکەن ئەنجامداوە، لە ئۆپراسیۆنەکەدا توانراوە حاجی حەمزە شەمەری، گەورە مافیای عێراق، کە داواکراو بووە لەلایەن دادگاوە، دەستگیربکرێت. . بەگوێرەى ڕاگەیەندراوەکە، لە ئۆپراسیۆنەکەدا حاجی حەمزە، لەگەڵ 25 کەسی دیکەدا دەستگیرکراون، ئەوانە تۆمەتبارن بە کۆنتڕۆڵکردنی بەشێکی زۆر لە قومارخانەکان و سەرپەرشتییان کردوون، هەروەها بازرگانی ماددەی هۆشبەریان کردووە و لە قومارخانەکان ماددەی هۆشبەرییان فڕۆشتووە بە گەنجان و هەروەها بازرگانییەکی زۆریان بە ئافرەتانەوە کردووە. . لە ڕاگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە، لە ئۆپراسیۆنەکەدا دەستگیراوە بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر و پێکهاتەکانی و کەلوپەلی قومار. . جەختیش کراوەتەوە، ئۆپراسیۆنەکە بە فەرمانی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەنجامدراوە و سەرجەم تۆمەتباران و ئەو کەلوپەلانەشی دەستیان بەسەردا گیراوە ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت، بۆ لیکۆڵینەوەی زیاتر و سزادانی تۆمەتباران. . ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی (یەکشەممە، 4ی ئابى 2019)، کەریم نوری، وتەبێژی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند لە هۆتێلێکدا لە شاری بەغدا، دوو گەورە بازرگانیان لە بواری بازرگانیکردن بە ئافرەتەوە، دەستگیرکردووە.