گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆمپانیاکان پابەند دەکرێن

یەکەم هەنگاو لەهەرێمەوە بۆ داخستنى پێگە و ماڵپەڕە نەشیاوەکان

2022.07.26 - 22:43
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەم هەنگاو لەهەرێمەوە بۆ داخستنى پێگە و ماڵپەڕە نەشیاوەکان

ناس کورد-

 

سەرۆکایەتى داواكاری گشتی هەرێم داوای قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌رجه‌م ئه‌و پێگه‌ و ماڵپه‌ڕانه‌ ده‌كات كه‌ گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، وەزارەتى گواستنەوەش کۆمپانیاکانى ئینتەرنێت ئاگاداردەکاتەوە کە پاکێجى خێزانى فەراهەم بکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو داوایەى داوکارى گشتى لەمیانەى کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن تاوتوێکرا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى سەرۆکایەتى داواکارى گشتى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.

 

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پێشنیاركرا سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی بواری گه‌یاندن و په‌یوه‌ندیكردن هاوشێوه‌ی تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنی (كۆڕه‌ك تیلیكۆم) و (فاست لینك) پاكێجی خێزانی فه‌راهه‌م بكه‌ن كه‌ رێگری له‌ منداڵان و نه‌وجه‌وانانی خوار ته‌مه‌نی بالغ بوون ده‌كات پێگه‌ و ماڵپه‌ڕه‌ نه‌شیاوه‌كان سه‌یربكه‌ن.

 

 لای خۆیه‌وه‌ ئانۆ جه‌وهه‌ر وەزیرى گواستنەوە دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی نووسراوێكه‌وه‌ سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی بواری گه‌یاندن و په‌یوه‌ندیكردن ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌وا پاكێجی خێزان په‌یڕه‌وبكه‌ن.



دەقى راگەیەنراوەکە:

 

داواكاری گشتی داوای قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌رجه‌م ئه‌و پێگه‌ و ماڵپه‌ڕانه‌ ده‌كات كه‌ گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌

 

سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتیی هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێم داوای قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌رجه‌م ئه‌و پێگه‌ و ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنییانه‌ ده‌كات كه‌ به‌كارهێنانیان گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و شیرازه‌ی خێزان ده‌شێوێنن.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ رێككه‌وتی 26ی ته‌مموز، سه‌رۆكی داواكاری گشتیی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێز/دادوه‌ر (كاوه‌ فه‌تحی مه‌عسوم) به‌ یاوه‌ری هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان؛ (دادوه‌ر/سوهام عه‌بدولقادر) جێگری سه‌رۆكی داواكاری گشتی و (دادوه‌ر/د.جه‌وده‌ت سه‌عید میرصادق) ئه‌ندامی ده‌سته‌ی راوێژكاری و تاوانی نه‌وجه‌وانان له‌ سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی و (دادوه‌ر/خه‌ڵات نه‌جمه‌ددین موفتی) به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كان و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی تاوانی نه‌جه‌وانان له‌ سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانییان كرد و له‌لایه‌ن (ئانۆ جه‌وهه‌ر) وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و ستافه‌كه‌ی و به‌شێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی سه‌ر به‌م وه‌زاره‌ته‌، پێشوازییان لێكرا.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پته‌وكردنی هه‌ماهه‌نگی و كاری پێكه‌وه‌یی كرده‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌و پرسانه‌ی كه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ئادابی گشتیی و ئه‌ركی حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ به‌ تایبه‌ت ده‌زگای داواكاری گشتی كه‌ هه‌وڵی پاراستنییان بدات.

 

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی داواكاری گشتی داوای له‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن كرد كه‌ تۆڕه‌كانی گه‌یاندن و په‌یوه‌ندیكردن پابه‌ندبكات به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌رجه‌م ئه‌و پێگه‌ و ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنی و سایتانه‌ی كه‌ بابه‌ت و ڤیدیۆ و وێنه‌ی نه‌شیاو بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و هانی قوماركردن و ئه‌و یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی قوماركردنه‌وه‌ و بوونه‌ته‌ هۆكاری تێكدانی شیرازه‌ی خێزان و چه‌ندین گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی لێ كه‌وتۆته‌وه‌.

 

هه‌ردوولایه‌ن كۆك بوون له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی زیاتر بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌ چونكه‌ به‌گوێره‌ی یاسای داواكاری گشتی كارپێكراو له‌ هه‌رێمی كوردستان؛ پاراستنی خێزان یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ گرنگ و له‌پێشینه‌كانی ده‌زگای داواكاری گشتی‌ له ‌چوارچێوه‌ی پاراستنی ئادابی گشتی، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا؛ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌موو ئه‌و ئامرازه‌ په‌یوه‌ندییانه‌ی كه‌ رێگه‌ بۆ دیارده‌ی له‌شفرۆشی خۆش ده‌كات و هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر توێژی گه‌نجان دروستكردووه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی خۆی نیشاندا بۆ هه‌ماهه‌نگی زیاتر و جێبه‌جێكردنی پێشنیار و داواكارییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی له‌ پێناو پاراستنی خێزان و رێگریكردن له‌ هه‌ر هۆكار و ئامرازێك كه‌ ببێته‌ هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی شیرازه‌ی خێزان.

 

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پێشنیاركرا سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی بواری گه‌یاندن و په‌یوه‌ندیكردن هاوشێوه‌ی تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنی (كۆڕه‌ك تیلیكۆم) و (فاست لینك) پاكێجی خێزانی فه‌راهه‌م بكه‌ن كه‌ رێگری له‌ منداڵان و نه‌وجه‌وانانی خوار ته‌مه‌نی بالغ بوون ده‌كات پێگه‌ و ماڵپه‌ڕه‌ نه‌شیاوه‌كان سه‌یربكه‌ن. لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز ئانۆ جه‌وهه‌ر دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی نووسراوێكه‌وه‌ سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی بواری گه‌یاندن و په‌یوه‌ندیكردن ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌وا پاكێجی خێزان په‌یڕه‌وبكه‌ن ئه‌مه‌ش له‌ پێناو پاراستنی منداڵ و كه‌سانی هه‌رزه‌كار له‌ سه‌یركردنی ڤیدیۆ و وێنه‌ی نه‌شیاو له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان و به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نه‌شیاوه‌كان كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندین گرفتی خێزانی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

 

یه‌كه‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان