ناس کورد-
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر ئەرێنی بووە و رێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ بەغدا کراوە و بڕیاردراوە سەرجەم فشارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕابگیرێت، دەشڵێت، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامی سەردانەکە دەردەکەوێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق (دووشەممە 25-7-2022) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند، "سەردانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا زۆر ئەرێنی بوو، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنی سەرەتاییان کردووە لەبارەی مەلەفی نەوت."
ئاماژەی بەوەشکردوو، " لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری کۆبوونەوە و داوای لێکردووە پێویستە مامەڵەیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان وەکو ھەرێمێکی فیدڕالی دەستووری بێت و بەپێی دەستوور بڕیار بدرێت، چونکە ھەرێمی کوردستان زیادەڕۆیی لەسەر دەستوور نەکردووە و یاسای نەوت و غازی ھەرێم ھی ساڵی ٢٠٠٧ەو کاری خۆی کردووە و مامەڵەیەکی نێودەوڵەتی کردووە، ناکرێت بەشێوەیەک لەشێوەکان دادگای فیدڕالی بڕیاربدات ھەموو شتێک ڕابگیرێت، ئەو سەردانەش دوای کۆنگرەی سعوودیا ھات کە سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا کرد، بەتایبەت لە بواری وزە، چونکە پێویستە لە قۆناغی داھاتوو بازاڕی نەوت و بەرھەمھێنان و نرخیشی جێگیر بێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "وا رێککەوتوون کە نەوتی ھەرێمی کوردستان بەو شێوەی دەرھاتووە یاساییە و پێویست بەفشار ناکات و سەرجەم فشارەکان ڕابگیرێن بەتایبەت لەسەر کۆمپانیاکان و ئەوەی دەکرێت قبووڵکراو نیە، چونکە بێ ھیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووری ئەوە دەکرێت و پێویستی بە بنەمایی یاسایی و دەستووری ھەیە و ھەرێم بەپێی ماددەی ١١١ و١١٢ کاری کردووە."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختیکردووەتەوە، "سەردانی سەرۆکی حکومەت زۆر زۆر ئەرێنی بووە و دەرئەنجامی سەردانەکە لەماوەیەکی نزیکدا دەردەکەوێت ".