ناس كورد-
سعودیە و عێراق کاردەکەن بۆ هەناردەکردنی زیاتری نەوتی خاویان بۆ ئەوروپا، ئەمەش وەك هەوڵێک بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی پاڵاوگەکانی نەوت لەو کیشوەرە كە لە هەوڵدایە بۆ وازهێنان لە نەوتی ڕوسیا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئاژانسی بلومبێرگ کۆیكردوونەتەوە، لە سێ هەفتەی یەکەمی مانگی تەمموزدا زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەیشتووەتە ئەوروپا لە رێگەی بۆرییەکەوە کە لە میسرەوە تێدەپەڕێت، ئەوەش دوو هێندەی ئەو بڕە نەوتەیە كە ساڵێک لەمەوبەر پێیدا تێپەربووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕی نەوتی تێپەربوو بە بۆرییەكەدا زیاتر لە سعودییەوەن، بەڵام هەناردەی عێراقیش زیاد كردووە.
کۆمپانیاکان دەتوانن یان لە رێگەی بۆرییەکەوە بە ناوی SUMED کە بە میسردا تێدەپەڕێت گەیاندن بکەن، یاخود ئەگەر کەشتییەکانیان بچوک بێت، دەتوانرێت راستەوخۆ لە رێگەی کەناڵی سوێسەوە بگوازرێتەوە، زۆربەی بارە نەوتییەكانی عێراقیش لەوەی دووەمەوەیە.
مانگی پێشوو قەبارەی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆرییەكەوە نزیکەی 800 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، ئەوەش بەرزترین ئاستە كە لە مانگی نیسانی 2020ەوە تۆماركرابێت.
جگە لەم لێشاوانە، لە سێ هەفتەی یەکەمی مانگی تەمموزدا، نزیکەی ملیۆنێک و 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە کەنداوەوە بەرەو کەناڵەکە ڕەوانە کراوە، کە زۆربەیان لە عێراقەوە بووە.
ئەمەش دەتوانێت کۆی گشتی ڕۆیشتنی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا بۆ 2.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە، کە لە مانگی یەکەوە نزیکەی 90% زیادیکردووە، واتە پێش قەیرانی ئۆکرانیا.