گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم

2022.07.20 - 20:06
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم

ناس کورد-

 

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم خواستی هەرێمی دووپات کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو هەڵوێستە لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا راگەیەنرا کە  بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی بەرێوەچوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تەمموزی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە و لوتکەی جەددە بۆ ئاسایش و گەشەپێدان و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە بارەی ئەو پەرەسەندنانە خستەڕوو.

 

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، کە بەر لە بەستنی لوتکەی جەددە ، پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جۆ بایدن کردووە و تێیدا داوای کرد کە ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی، قوربانیدانەکانی گەلی کوردستانیان لە بیر بێت بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هەروەها داوای کردبوو دان بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بنرێت لە عێراقێکی فیدراڵدا. لە کۆبوونەوەی سەرۆک بایدنیش لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ،ئاماژە بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا و سەرۆک بایدن جەختی لە بایەخپێدانی ئەمەریکا بە هاتنەکایەی عێراقێکی سەقامگیر و یەکگرتوو و خاوەن سەروەری بە هەرێمی کوردستانیشەوە کردەوە.

 

سەرۆک وەزیران، خواستی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور.

 

لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتی بەداوداچوونی ئاستی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵەی تەمەنیدا کە لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون خرایەڕوو.

 

سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران، دەستخۆشییان لە فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون کرد بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەرفراوانە، کە بە داتا و زانیاریی وردەوە ئاماژە بە کار و چالاکیی و پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت کراوە، کە دواتر دەخرێتە بەردەستی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی لە هەرێمی کوردستان وبڕیاریشدرا ڕاپۆرتەکە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

 

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە كرد کە ئەم ڕاپۆرتە، بەڵگەیەکی ئاشکرایە لە سەر ڕوونی و شەفافیەتی کارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، گوتیشی چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، ئامانجی سەرەکیشی، فرەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە.

 

بڕگەی سێیەم بریتی بوو لە خستنەڕووی پڕۆژە یاسای ( هەمواری یەکەمی یاسای ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان ) ژمارە ( 14) ی ساڵی 2008 لە لایەن فرسەت ئەحمەد وەزیری داد .

 

ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژە یاسای هەمواری یاساکەی پەسەند کرد بە ڕەچاوکردنی ئەو سەرنج وتێبینیانەی لەسەر ماددە و بڕگەکانی ڕەشنووسەکە لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران خرانەڕوو بە هەماهەنگیی و ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی شورای هەرێم، ئەویش بە ئاراستەی دابینکردنی سەربەخۆیی زیاتر بۆ ئەم دامەزراوەیە و پەرەپێدان بە توانا ولێهاتوویی ئەندامانی ئەنجومەنەکە و داڕشتنەوەی ڕێکار و مەرجەکانی دامەزراندنیان، هەر لە میانەی ئەم بڕگەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە بایەخی قەزای ئیداریی کرد لە هەرێمی کوردستان ، وەک دەسەڵاتێکی جیاواز لە قەزای ئاسایی، کە ئەرکی چاودێر دەبینێت  لەسەر مەشروعیەتی بڕیار و ئەو فەرمانانەی لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە دەردەچن، هەروەها بۆ فەراهەمکردنی بواری تانەدان لە ڕێکار وبڕیارە کارگێڕییەکان و پێشکەشکردنی ڕاوێژ وسەرنج لە لایەن ئەنجومەنەکە بۆ دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم و داڕشتنەوە و لێ وردبوونەوەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسا و پەیڕەوەکان و یەکلاییکردنەوەی کێشە وناکۆکیەکانی کارگێڕیی نێوان هاووڵاتیان و دامەزراوەکانی حکومەت.

 

دواتر وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی پشتیوان سادق و ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، کورتەیەکیان دەربارەی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان و بەشداریان لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وەزاریی ئازادی ئایین و بیروڕا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا خستەڕوو کە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حکومەتی بەریتانیا بانگهێشت کرابوون و دەرفەتێک بوو بۆ خستنەڕووی کولتووری مرۆڤدۆستیی و بەیەکەوەژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان لە هەرێم و میوانداریکردن و لەباوەشگرتنی هەرێم بۆ پەنابەر و ئاوارە و لێقەوماوانی بەشەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ بە پێکهاتەی ئایینی ونەتەوەیی جیاوازەوە.

 

لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ئەنجومەنی وەزیرانی لە بەرەوپێشچوونەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکی حکومەت بۆ نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت وهەرچی زوو جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی یاسای نوێی چەک لە هەرێمی کوردستان ئاگادارکردەوە.