ناس کورد-
بەگوتەی وەزیری نەوتی عێراق، نرخی بەرمیلێك نەوت بە درێژایی ئەمساڵ بە سەروو 100 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت، ئەمەش پێویستی بە هەوڵی بەردەوامی گروپی بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپیك پڵەس هەیە بۆ بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنان و خواست.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا (18ی تەموزی 2022) وتی: "پێم خۆشە ئۆپێک ئامرازەکانی بۆ پێوانەکردن و کۆنترۆڵکردنی بەرهەمهێنان و پاراستنی هاوسەنگی ئێستا بهێڵێتەوە"، دەشڵێت "لەگەڵ هاوبەشەکانماندا ئەم بابەتە تاوتوێ دەکەین".
عێراق کە لە دوای سعودیە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەرە لە "ئۆپێک"، کار بۆ فراوانکردنی تواناکانی پاڵاوتنی نەوت و هەناردەکردنی نەوت دەکات بۆ دابینکردنی خواست لەسەر سووتەمەنی و نەوتی خاو کە لە زیادبووندایە.
وەزیری عێراق لە میانی گەشتێكیدا بۆ پرۆژەی فراوانكردنی پاڵاوگەكە رایگەیاند، لە كۆتایی ئەمساڵدا دەست بە كارەكانی پاڵاوگەی كەربەلا دەکرێت و تا كۆتاییش توانای هەناردەكردنی نەوتی خاو لە بەندەرەكانی باشوور بۆ نزیكەی چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز دەکاتەوە.