ناس کورد-
نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا هێرشیکردە سەر پڕۆسەکانى "ساختەکاریی و هەڵبەستن" کە پەیوەندییەکانى بە هێزە چەکدارەکان و حەشدەوە کردووەتە ئامانج، ئەوەش لە هەڵوێستێکى نوێیدا لەبارەى تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکانى.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مالیکى (17-7-2022) لە تویتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، لەیەکەم رۆژى پێکهێنانى حەشدى شەعبییەوە ئەو پشتیوانى کردووە و روبەڕووى سەرجەم هەوڵەکانى بەئامانج گرتنى وەستاوەتەوە.
ئەو هەڵوێستەى مالیکى دواى بڵاوکردنەوەى بەشى چوارەمى تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکەی دێت (شەممە 16-7-2022) کە تیایدا دەڵێت، "قۆناغی داهاتوو قۆناغی شەڕە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ لە دژی موقتەدا سەدر هێرش دەکەینەسەر نەجەف."
لە تۆمارە دەنگییەکەدا مالیکی دەشڵێت "ھەرکەسێک بەرگری لە خۆی دەکات، منیش بەرگری لە خۆم دەکەم، متمانەم بە سوپا و پۆلیس نییە، بەڵکو خۆم پڕچەک دەکەم و شەڕ دەکەم، دەبابە و زرێپۆش و درۆنمان هەیە."
هاوکات مالیکی، هێرش دەکاتەسەر بەرپرسانی حەشدی شەعبی و دەڵێت، "حەشدی شەعبی لەلایەن ترسنۆکەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە."
لەبەشێکى دیکەى تۆمارە دزەپێکراوەکەدا، نوری مالیكی هێرشی توند دەكاتەسەر مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و تۆمەتباری دەكات بەوەی لەگەڵ سوننەكاندا هەوڵی تێكدانی ماڵی شیعە دەدات.
نوسینگەی نوری مالیكی لە ڕوونكردنەوەیەكدا لەبارەی تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكە (13ی تەموزی 2022) دەڵێت، "زۆر ڕوون و ئاشكرایە كە ئەو تۆمارە دەنگییە دروستكراوە و ساختەیە و تەكنەلۆجیای دەنگی بەكارهێنراوە."