گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

مووچەی هەزاران کەس دەبڕدرێت و مووچەکانیشیان لێوەردەگیرێتەوە

2022.07.17 - 18:06
App store icon Play store icon Play store icon
مووچەی هەزاران کەس دەبڕدرێت و مووچەکانیشیان لێوەردەگیرێتەوە

ناس کورد- 

بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان، وردەكاریی بڕینی مووچەی هەزاران مووچەخۆری نایاسایی ئاشكرا دەكات و دەڵێت، بەهۆیەوە مانگانە زیاتر لە سێ ملیار دینار بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێندرێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان (یەکشەممە 17-7-2022) بە میدیای پارتیی ڕاگەیاند، "لە بڕینی مووچەی نایاسایی و دوو مووچەیی و ئەوانەی مافی مووچەیان نەماوە، مانگانە بڕی سێ ملیار دینار بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێندرێتەوە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " 13 هەزار كەس لە وەزارەتی شەهیدان مووچەیان بڕدراوە، چوار هەزار و 189 كەسیش دوو مووچەییان هەبوو، مووچەیان بڕدراوە، هەروەها دوو هەزار وارسی خانەنشینانیش، كە مافی مووچەوەرگرتنیان نەماوە، مووچەكانیان بڕدراوە".

 

سەبارەت بە وەرگرتنەوەی مووچە زیادەکان لەو کەسانە، ئەو بەرپرسەی حکومەت باسی لەوەکردووە، "لەبەرئەوەی ئەو كەسانە لە دوو شوێن مووچەیان هەبووە، لە یەكیاندا فەسڵ كراون و مووچەكەی دیكەیان بەردەوامە، بۆیە مانگانە یەك لەسەر پێنجی مووچەكەیان لە مووچەی بەردەوامیان دەگێڕدرێتەوە، تاوەكوو ئەو بڕە مووچەی وەریگرتووە بەتەواوی پاكتاو دەكرێت، بەڵام ئەو 13 هەزار كەسەی وەزارەتی شەهیدان و ئەو دوو هەزار كەسەی وارسی خانەنشینان، مووچەیان بە یەكجاری بڕدراوە".