کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد
لە رووداوی تەقەکردنەکەی شاری ئێل پاسۆی ویلایەتی تەکساس 20 کەس کوژراون و 26 کەسی تریش بریندار بوون کە چوار منداڵ لە ناو کوژراوەکاندایە.
.
پۆلیسی شاری ئێل پاسۆ ڕایگەیاندووە گەنجێکی سپی پێستی تەمەن 21 ساڵیان وەک تۆمەتباری سەرەکی تەقەکردنەکە دەستگیرکردووە.
.
ناوەندێکی تەندروستی شاری ئێل پاسۆ کە بریندارانی ڕووداوەکەی بۆ گوازراوەتەوە ڕایگەیاندووە بارودۆخی 9 لە بریندارەکان مەترسیدارە، بۆیە پێشبینی زیادبوونی ژمارەی کوژراوەکان دەکرێت.
.
ڕووداوەکە کاتژمێر 11ی بەیانی ڕۆژی 3ی ئابی 2019 بە کاتی ناوخۆیی تەکساس لە مۆڵێلی بازرگانی ڕوویداوە، و کەسێک بە چەکێکی جۆری M16 چووەتە ناو مۆڵەکەوە و بەهەڕەمەکی تەقەی لە کڕیارانی ناو مۆڵەکە کردووە.
.
میدیاکانی ئەمریکا وێنەی هێرشبەرەکەیان لە کاتی چوونە ناو مۆڵەکەوە بڵاوکردووەتەوە کە لە کامێراکانی چاودێرییەوە تۆمارکراوە.
.
هێرشبەرەکە ناوی پاتریک کروشسە و پێش ئەنجامدانی هێرشەکە چەند نامەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باسی لە هۆکارەکانی ئەنجامدانی هێرشەکەی کردووە.
.
پۆلیسی تەکساس تا ئێستا لە ڕاستی و دروستی ئەو نامانەی کە بە ناوی هێرشبەرەکەوە لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە هیچ زانیارییەکی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
.
لە نامەکاندا باس لەوە کراوە کە ئەمریکا لە لایەن کۆچبەرانی لاتینەوە داگیرکراوە و ئەم هێرشەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو داگیرکرایە دەبێت.
.
دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا ڕووداوەکە بە زۆر خراپ وەسفکردووە، نوسیویەتی کە بەهۆی ڕووداوەکە ژمارەیەک هاوڵاتی کوژراون.
.
https://twitter.com/realDonaldTrump/status/1157868518823596032
ئەم ڕووداوی تەقەکردنە جارێکی تر پرسی گۆڕانکاری لە یاسای هەڵگرتنی چەکی لە لایەن دیموکراتەکانی ئەو وڵاتەوە هێناوەتەوە بەرباس.
.
شاری ئێل پاسۆ دەکەوێتە ناوچە سنوورییەکانی مەکزیکەوە و بە یەکێک لە ئەمنترین شارەکانی باشووری ئەمریکا دادەنرێت.
.