ناس کورد-
لاهور شێخ جەنگى رایگەیاند، بەشدارى بەرفراوانى خەڵک لە نوێژى هەینى یەکگرتوو و مەغزا سیاسییەکانی، ئاماژەن بۆ هاوبەشی خەڵکی کوردستانیش، کە ساڵانێکەوە ئەناڵێنێت بە دەست ناعەدالەتی و گەندەڵی و تاکڕەویەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لاهور شێخ جەنگى (15-7-2022) لە پەیامێکدا وتى "بەشداریی بەرفراوانی جەماوەری شارەکانی عێراق لە بۆنەی نوێژی هەینی لەسەر داوا و بانگهێشتی سەماحەتی سەید موقتەدا، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ زیندوویی شەقامی عێراقی و ئامادەییان بۆ بەشداری لە پرسە سیاسییەکان و ڕێگریکردن لە سەپاندنی جۆرێکی سواوی بێئاکامیی حوکمڕانی بەسەر چارەنووسی خەڵکی عێراقەوە".
دەشڵێت "بە ڕای ئێمە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جووڵە جەماوەرییە گەورانەی کە لە ناوچەکە و دنیادا هەیە، دەبێ ئاراستەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە جۆرێک بێت کە ڕەنگدانەوەی داخوازییە ڕاستەقینەکانی شەقام و جەماوەر بێت لە سەقامگیری و دەوڵەتی خەڵکی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی".
لاهور شێخ جەنگى باسى لەوەشکردووە، پەیوەست بە کوردستانیشەوە، ئەم بەشدارییە بەرفراوانە و مەغزا سیاسییەکانی، ئاماژەن بۆ هاوبەشی خەڵکی کوردستانیش، کە ساڵانێکەوە ئەناڵێنێت بە دەست ناعەدالەتی و گەندەڵی و تاکڕەویەوە، "لەو ڕوانگەیەشەوە، ڕێز لە ناوەڕۆکی پێشنیاز و داخوازییەکانی سەماحەتی موقتەدا سەدر دەگرین، لە هەمان کاتیشدا بە پێویستی ئەزانین جەخت لەسەر هاتنە مەیدان و ئامادەیی جەماوەر بکەینەوە، کە بە ئیرادەی پۆڵایینیان ئەتوانن هەموو بەربەستەکان بشکێنن و بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی نیشتمانەکەیان بدەن".