گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

دەستدرێژی بەکۆمەڵ بۆ سەر ژنان و کچان لە ئاهەنگێکى پارتەکەى راوێژکارى ئەڵمانیا

2022.07.10 - 11:35
App store icon Play store icon Play store icon
دەستدرێژی بەکۆمەڵ بۆ سەر ژنان و کچان لە ئاهەنگێکى پارتەکەى راوێژکارى ئەڵمانیا

ناس کورد-

 

پۆلیسی ئەڵمانیا لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی "مادەی هۆشبەر" دەکات بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و کچان لە ئاهەنگێکی پارتی سۆسیال دیموکراتدا کە ئۆلاف شۆڵز راوێژکاری ئەڵمانیا تێیدا ئامادەبووە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی پشتڕاستکردەوە کە نۆ ژن لە کاتی بەشداریکردنیان لە ئاهەنگێکی حزبی کە ئۆلاف شۆڵز راوێژکاری ئەڵمانیا ئامادەی کردبوو، ماددەى هۆشبەریان پێدراوە و دواتر دەستدرێژییان کراوەتەسەر.

 

پارتی سۆسیال دیموکرات، لە ئیمەیڵێکدا بۆ بەشداربووانی ئاهەنگی هاوینە، کە ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوەچوو، رووداوەکەى ئیدانەکرد.

 

نزیكەی هەزار كەس بەشدارییان لە ئاهەنگی نەریتی پارتی سۆسیال دیموكرات پێش پشووی هاوینەی پەرلەمان كرد، لەنێویاندا راوێژكار و چەند پەرلەمانتارێك و هاوكارەكانیان. هەرچەندە تا ئێستا 9 قوربانی لە لیستەکەدا هاتووە، بەڵام بەرپرسانى پارتەکە بوونی ژنى زیاتریان ڕەت نەکردووەتەوە و داوا لە ژنانى بەشدار لە ئاهەنگەکە کراوە سکاڵا تۆماربکەن.

 

پۆلیسی بەرلین رایگەیاند، لەدوای ئەوەی کچێکى 21 ساڵ سكاڵای لەدژی كەسێكی نەناسراو تۆماركردووە، لێكۆڵینەوەیان دەستپێکردووە. وتەبێژی گروپی پەرلەمانی ئەو حزبە لە پەرلەمان دەڵێت "ئەوە ڕووداوێکی ناوخۆیی بوو، تەنها بە بانگهێشتکردن دەتوانیت بەشداری تێدا بکەیت، هێشتا گومانێکی زۆر هەیە، پۆلیسیش لێکۆڵینەوە دەکات".

 

کچە 21 ساڵانەکە دەڵێت ڕۆژی دواتر چیتر هیچی لە ڕووداوەکە لەبیر نەماوە، چووەتە نەخۆشخانە بۆ پشکنینی پزیشکی و دواتر سکاڵای تۆمار کردووە. 

 

لە کاتی ئاهەنگەکەدا ئەو کچە کە خواردن و خواردنەوە غەیرە کحولییەکانی خواردبوو هەستی بە سكچوون و سەرگێژخواردن کردووە. 

 

وتەبێژی پۆلیس دەڵێت، نمونەی خوێن وەرگیراوە و پشکنینی بۆ کراوە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەکە دەرنەچووە.