گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بزانە مەرجەکە چییە؟

پارتی مەرجێک بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی عێراق ڕادەگەیەنێت

2022.07.03 - 16:41
App store icon Play store icon Play store icon
پارتی مەرجێک بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی عێراق ڕادەگەیەنێت

ناس کورد- 

ئەندامێکی لیژنەی دانوستاندنکاری پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ڕایگەیاند، مەرجی پارتی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق پابەندبوونە بە دەستوور، دەشڵێت، ئەگەر بزانن بەشداربوون لە حکومەت هیچ ئەنجامێکی نییە، رەنگە پارتی بڕیاربدات بەشداری نەکات. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەنگین رێکانی، ئەندامی لیژنەی دانوستاندنکاری پارتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا (یەکشەممە 3-7-2022) ڕایگەیاند، " چاوەڕێی لایەنی پێکهێنەری حکومەت دەکەین، ئەگەر ئەوان پەیوەندی بە پارتییەوە نەکەن بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆ بکرێت، پارتی ناچێتە نێو هیچ گفتوگۆیەک لەسەر ئەو بابەتە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "چوارچێوەی هەماهەنگیش لیژنەیەکیان بۆ ئەو پرسە پێکهێناوە و دوای جەژن سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، داوا لە پارتی و جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەن بۆ ئەوەی بەشداربێت لە حکومەتی داهاتوو، هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا، کێشەی سەرۆک کۆماریش بە جدی قسەی لەبارەوە دەکرێت."

 

سەبارەت بە مەرجەکانی پارتی بۆ بەشداریکردن لە حکومەت، ئەندامەکەی شاندی دانوستاندکاری پارتی ڕایگەیاند، "پارتی جەخت لە جێبەجێکردنی دەستور و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکاتەوە، ئەگەر ئەو لایەنانەی بەنیازی پێکهێنانی حکومەتن نەیەنە سەر هێڵ و ئەگەر پارتی بزانێت بەشداربوون لە حکومەت بێ ئەنجامە، رەنگە پارتی و جەنابی سەرۆک بڕیارێک بدات و بڵێت پیرۆزتان بێ و خۆتان بیکەن".

 

جەختیشیکردووەتەوە، "مەرجی پارتی بۆ بەشداریکردن لە حکومەت پابەندبوونە بە دەستوور، دەستوور هەمووی وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەوەی مافی کورد و هەرێمی کوردستانە و لە دەستووردا هاتووە، ئەوە جێبەجێ بکرێت". 

 

لەبارەی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بەنگین رێکانی ئاماژەی بەوەکردووە، "جەنابی سەرۆک فەرمانی کردووە جارێکی دیکە دەست بە گفتوگۆ بکرێتەوە لەگەڵ یەکێتی لەسەر هەموو شتێک لەسەر سەرۆک کۆماریش، هەوڵبدرێت رێککەوتن بکرێت، ئەگەر ئەو رێککەوتنە بکرێت باشترە بۆ بەرژەوەندی میللەتی کورد، پارتیش سورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار و لەسەر کاندیدی خۆی، رەنگە لەم ڕۆژانەدا لەسەر ئەو پرسانە گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی دەستپێبکرێت".