ناس کورد-
وەزارەتى پێشمەرگە و یەکەى 70 ى یەکێتى و 80 ى پارتى و راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆبوونەوە و جەختیان کردەوە لەسەر پێویستى یەکخستنەوەى تەواوەتى هێزەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى پێشمەرگە (29-6-2022) کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەکۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر بەهێزکردنی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ (القیادة والسیطرة) لەناو هێزی پێشمەرگە، دروستکردنی فرقە و شێوازی دروستکردنی، میکانیزمەکانی دروست کردن.
دەقى راگەیەنراوەکە:
کۆبوونەوەی بەرفراوانی وزارەتی پێشمەرگە و یەکەی (٧٠ و٨٠) بەڕێوەچوو
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
لەمیانی بەڕێوەچونی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی ۷۰ و ٨۰ ی هێزی پێشمەرگە کوردستان و گروپی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ( MNAG )جەخت لەسەر بەردەوامی دان بەکارەکانی رێکخستنەوەی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە و لەم قۆناغەشدا دروستکردنی یەکەی سەربازی (فرقە) بۆ بەهێزکردنی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ(القیادة والسیطرة) لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە کرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ حوزەیرانی ٢٠٢٢ شۆڕش اسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بختیار محمد سدیق ئەمینداری گشتی و د.نجات علی فەرماندەی یەکەی ٨٠ و مستەفا چاوڕەش فەرماندەی یەکەی ٧٠ و بە بەشداری گروپی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی (MNAG) کۆبۆوە.
کۆبونەوەکە لەئەنجامی ئەو هەوڵە گشتگیرانە بوو کە لەرابردوودا لەژێر رۆشنایی پرۆژە یاسای چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەری کۆکبوون، کەبەمەبەست لێی ریفۆرمی سەربازی و نوێکردنەوەو یەکخستنی هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە بوو بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
لەو کۆبونەوەیەدا بۆ بەهێزکردنی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ (القیادة والسیطرة) لەناو هێزی پێشمەرگە، دروستکردنی فرقە و شێوازی دروستکردنی، میکانیزمەکانی دروست کردن، گفتوگۆی وردو چڕی لەبارەیەوە کرا.
لەکۆتاییدا وەزارەتی پێشمەرگە هەردوو فەرماندەی یەکەکانی ۷۰ و ٨۰، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە بە زووترین کات دەست بکرێت بە هەنگاوەکانی دروستکردنی فرقە بۆ ئەوەی ببێتە میکانیزمێکی باش بۆ سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵکردنی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە، هاوکات دووپاتیان لە گرنگی و کاریگەری پڕۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.