ناس کورد-
ئاژانسی هەواڵیی تەسنیمی ئێران شکست و کۆتاییهاتنی دانوستانەکانی نێوان گەورە دانوستانکارانی ئێران بە سەرۆکایەتی عەلی باقری و جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئەنریکی مۆرا لە قەتەر ڕاگەیاند کە دوو ڕۆژی خایاند.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە (29ی حوزەیرانی 2022) دەڵێت، لەم گەڕەی دانوستانەکاندا کە بە ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا و نێوەندگیری یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەچوو، ئێران جەختی لەسەر گرنگی ڕێککەوتنێکی بەردەوام کردووەتەوە.
دەشڵێت، "بەڵای ئەوە ڕێگری لە دەرئەنجامی دانوستانەکە کردووە سووربوونی ئەمریکا لەسەر دەقی پێشنیازەکەی ڤییەنای 7 کە هیچ جۆرە گەرەنتییەکی ئابوری بۆ ئێران تێدا نییە، تەنها واشنتن دەیەوێت ڕێککەوتنی ئەتۆمی زیندوو بکاتەوە لە پێناو ڕێگریکردن لە ئێران کە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات."
ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە کە "بەهۆیەوە لوتکەی دەوحە لە قەتەر هیچ کاریگەرییەکی نابێت بۆسەر شکاندنی بەستەڵەکی هەردوولا و هەروەها بڕیاردانی کۆتایی لەسەر زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی."
ئاماژەی بەوەشکردووە سووربوونی ئەمریکا بووەتەجێگەی ڕەخنەی نوێنەری یەکێتی ئەوروپا.