ناس کورد-
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕایگەیاند، یەکێتی جەخت لە کاندیدبوونی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆک کۆمار دەکاتەوە و هیوادارن پارتیش ئەوە قبوڵ بکات، دەشڵێت، نزیکبوونەوە لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی (دووشەممە 27-6-2022) بە "ناس کورد"ی وت، "سەردانەکانی بافڵ تاڵەبانی بۆ بەغدا بووەتە سەردانێکی دەوری و مانگانە و کەمتریش ئەو سەردانانە دەکات بۆ بەغدا، ئەوەش بۆ خێراترکردنی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و تاووتوێکردن دۆخەکە."
هاوکات سەبارەت بە نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی، ستران عەبدولا ئاماژەی بەوەکرد، "نزیکبوونەوەیەک هەیە لەنێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام ئەو نزیکبوونەوەیە زیاتر تایبەتە بە هەرێم و شێوازی هەڵبژاردن لە هەرێم، هیوادارین لەسەر پۆستەکانی بەغداش ڕێکبکەوین و ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی ئێمەیە و داواکەشمان ڕەوایە."
باسی لەوەشکرد، "هەموو حزبێک ئازادە چۆن کاندیدەکانی دیاری دەکات، تاوەکو ئێستاش هیچ شتێک ڕووی نەداوە تاوەکو کاندیدەکەمان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بگۆڕین، ئەوە خەیاری ئێمەیە و هیوادارین پارتیش خەیارەکەمان قبوڵ بکات."