ناس کورد-
سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، سێ مانگ دیاریكراوه بۆ ئهو زهوییانهی كارتن، تا مامهڵهی تاپۆكردنیان بكهن، دوای ئهو وادهیه رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
له راگهیهندراوێکدا سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر (یەکشەممە 26-6-2022) ڕایگەیاند، بەردەوامە لە پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییە کارتەکان، لەماوەی رابردووشدا زیاتر لە 110 هەزار پارچە زەوی کارت تاپۆ کراون.
هاوکات داواش لەو هاووڵاتییانە دەکات کە زەوییەکانیان کارتە و کراونەتە سەنەد، سەردانی شارەوانی بکەن بۆ ئهوهی مامەڵەی تاپۆکردنیان دهستپێبكهن، بە پێچەوانەوە دوای ماوەی دیاریکراو رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەکۆی زیاتر لە 160 هەزار کارت تاوەکو ئێستا زیاتر لە 110 هەزار کارت گۆڕدراون بۆ تاپۆ (سەنەد)، 15 هەزار کارتی دیکەش رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی تاپۆ کراون بۆ گۆڕینیان بۆ (سەنەد)، لە ئێستادا کار لەسەر ئەو زەوییە کارتانەش دەکرێن کە کێشەیان تێدایە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێن.