کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز ڕووداوەکانی کوشتنی هاوڵاتیان لەلایەن کەسانی پلە یەکی خێزانەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیاد بووە، بەپێی بەدواداچوونەکانی ناس کورد، لە ماوەی دوو مانگدا نۆ حاڵەتی لەو شێوەیە ڕوویانداوە و توێژەرێکی دەرونیش چاوچنۆکی و لاوازی سیستمی پەروەردە بە هۆکاری سەرەکی دەزانێت. . ناس کورد چەندین جاڵەتى دیکەى کوشتن و بریندارکردنی پلەى دووی خێزانەکانى دەستکەوتووە، بەڵام لەم ڕاپۆرتەدا باس لە کوشتن لەلایەن کەسانى پلە یەکەوە دەکەین، کوشتنی برایە بە دەستی براکەی، یاخود دایک و باوک بە دەستی کوڕ، وە یان خوشک بە دەستی برا و چەند جۆری دیکەش. . تەنها لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، دایکێک و دوو باوک و دایکێک بە دەستى ڕۆڵەکانیان کوژراون، سێ کەسیش برای خۆیان کوشتووە و هەروەها کەسێک خوشکێکی خۆی کوشتووە و کەسێکی دیکەش هاوسەرەکەی. لە بەشی خوارەوەى ئەم ڕاپۆرتەدا، وردەکاری سەرجەم ڕووداوەکان باسکراوە کە نوێترینیان ئەمڕۆیە کە پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لە سنوری قەزای چەمچەماڵ، کەسێک براکەی خۆی کوشت و پاش تێپەڕبونی چەند کاتژمێریک بەسەر ڕوداوەکە، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی قەرەناو بکوژەکەیان دەستگیرکرد. .پانۆرامای ئەو ڕووداوانە لە دوو مانگی ڕابردوودا
. 9ی حوزەیرانی 2019 لە لەگەڕەکی عەباسی، لە سەنتەری قەزای زاخۆ پیاوێکی 42 ساڵی ژنە 34 ساڵانەکەی خۆی خنکاند، کە بەگوێرەی زانیارییەکان پیاوەکە نەخۆشی دەروونی هەبووە. . 12ی حوزەیرانی 2019 لە ڕەواندوز کوڕێکی تەمەن 22 ساڵ دایکە 65 ساڵانەکەی خۆی بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵییەکەوە کوشت و دواتر جەستەشی شێواندبوو. . هاوکات لە 13ی حوزەیرانی 2019 لە لەیلان کوڕێکی تەمەن 17 ساڵ بە چەکی کڵاشینکۆف باوکی خۆی کوشت، کە تەمەنی 42 ساڵ بوو، "لەکاتی لێکۆڵینەوەدا کوڕەکە وتوویەتى پێشتر لەگەڵ باوکیدا دەماقاڵێی هەبووە و باوکی لێیداوە". . هەروەها 22ی حوزەیرانی 2019 لە کۆیە بەهۆی کێشەى زەوییەوە، دەماقەڵە لەنێوان دوو برادا دروست بووە و دواتر یەکێکیان تەقەی لەوی دیکە کردووە. . لە لایەکی ترەوە، 28ی حوزەیرانی 2019 لە ناحیەی وارماوا کەسێک براکەی خۆی کوشت. . هەروەها 19ی تەموزی 2019 لە دهۆک بنەماڵەیەک کچێکی تەمەن 18 ساڵی خۆیان لەگەڵ کوڕێکی 30 ساڵدا کوشت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کچەکەیان لەگەڵ کوڕەکەدا پێکەوە بینیبوو. . ڕۆژی 28ی تەموزی 2019، دوو کوڕ لە دهۆک باوکی خۆیان کوشتووە و لەسەر ڕێگای موسڵ تەرمەکەیان فڕێداوە. . هاوکات دوێنێ چوارشەممە 31ی تەموزی 2019 لە کەرکوک کوڕێک خوشکێکی خۆی کوشت و دواتر خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد. . لە نوێترین ڕووداوی لەوشێوەیەشدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی ئابی 2019 لە چەمچەماڵ کەسێک برایەکی خۆی کوشت.