گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێ

لەبارەی مەترسیی هێرشکردنەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕوونکردنەوە دەدرێت

2022.06.25 - 19:19
App store icon Play store icon Play store icon
لەبارەی مەترسیی هێرشکردنەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕوونکردنەوە دەدرێت

ناس کورد- 

بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مەترسیی هێرشکردنەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕوونکردنەوە دەدات و دەشڵێت، ئەو هێرشانە دڵەڕاوکێیان دروستکردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، بۆ یەکەمجار هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراقەوە ئەنجامدرا، دوێنێ هەینی، بۆ دووەمجار هێرشکرایە سەر ئەو کێڵگەیە، ئەمڕۆ شەممەش بۆ جاری سێیەم هێرش کرایەوە سەر کێڵگەکە. 

 

لەوبارەیەوە، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (شەممە 25-6-2022) بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێرشەکان زیانی گیانی و مادییان بە دواوە نەبووە، بەڵام دڵەڕاوکێیان دروستکردووە."

 

لە بارەی ئەو لایەنانەی لە پشت هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرومۆرەوەن، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، "تا ئێستا دیار نیە، هێزە ئەمنیەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن."

 

زیاتر بخوێنەرەوە: لەبارەی داگیرکردنی کێڵگەی کۆرمۆر لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت

 

 

لە بارەی بوونی مەترسی پەلاماردانی کێڵگەی کۆرومۆر لەلایەن عێراقەوە، ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، "ئەم پرسیارە ئەمنیە، ئێمە تەنها بەرهەمهێنانی غاز و کارەبامان لەسەرە، ئەمنیەتی کێڵگەکە لای وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ترە."

 

لە ئێستادا هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئاسایشییەکان لە سنوری ناحیەی قادر کەرەم خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و ڕووداو و پێشهاتێک.

 

کێڵگەی غازی کۆرومۆر لەلایەن کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتیەوە کاری وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام دەدرێت، ڕۆژانە 453 ملیۆن پێ سێجا غازی لێ بەرهەم دەهێنرێت.