ناس کورد-
بەڕێوەبەرى ناحیەى قادر کەرەم رایگەیاند، هێرشەکەى ئەمڕۆى سەر کێڵگەى کۆرمۆر لەهەمان ئاڕاستەى هێرشەکەى دیکەوە بووە و هیچ زیانێکى لێنەکەوتووەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سدیق محەمەد بەڕێوەبەرى ناحیەى قادر کەرەم (24-6-2022) بە "ناس کورد" ى راگەیاند، هێرشەکە کاتژمێر 2:10 خولەکى پاش نیوەڕۆ بووە، کاتێک موشەکێک ئاڕاستەى کێڵگەکە کراوە.
وتیشى موشەکەکە لەدەرەوەى کێڵگەکە و لەناوچەیەکى چۆڵدا کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆى بوونى پوش لەو شوێنە ئاگر کەوتووەوە.
سدیق محەمەد باسى لەوەشکرد، موشەکەکە لەهەمان ئاڕاستەى موشەکەکەى پێشووە هەڵدراوە، لە بۆشایى ئەمنى خواروى کێڵگەکەوە کە ناوچەیەکى بەرفراوانە.
جەختیشیکردەوە، هێرشەکە زیانى نەبووە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە، ئەوەش باس دەکرێت کە گوایە موشەکەکە بەر کەمپەکە کەوتووە راست نییە.
لەبارەى لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەى پێشوو، سدیق محەمەد وتى تا ئێستا لێکۆڵینەوە بەردەوامە و نەگەیشتووە بەئەنجام.
لەماوەى سێ رۆژدا ئەمە دووەم جارە هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر لەچەمچەماڵ کە لەلایەن کۆمپاناى دانا غازەوە بەڕێوەدەبرێت.
هێرشەکەى پێشوو لە (22-6-2022) ئەنجامدرا لە ڕێگەى کاتیۆشایەکەوە کە هیچ زیانێکى گیانى لێنەکەوتەوە.
عەلى حەمەساڵح سەرۆکى لیژنەى وزە لەپەرلەمانى کوردستان (24-6-2022) لە راگەیەنراوێکدا وتى "هێرشکرایەوە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆرو ئەمجارە لە کەمپەکە دراوە، دەسەڵاتداران پێویستە ئەم هێرشانە بەجدی وەربگرن!".