گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتەوە لەبارەی مووچە و باج

2022.06.23 - 20:17
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتەوە لەبارەی مووچە و باج

ناس کورد- 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبووەوە و ڕایگەیاند، داهات لەم ماوەیە بەشێوەیەکی رێژەیی باشتربووە و دەکرێت زۆر زیاتریش بێت، دەشڵێت، "جێبەجێکردنی یاساکانی باج لە قازانجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و دواجار لە خزمەتی هاووڵاتییان خەرج دەکرێت، مووچەی پێ دەدرێت و جووڵەی بازرگانی گەشە دەکات و هەل و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دەقی ڕاگەیەنراوی حکومەت لەبارەی کۆبوونەوەکە: 

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی کرد و لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوورییه‌وه‌، پێشوازیی لێ کرا.

 

دواتر سەرۆکی حکومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و بریکاری وەزارەت و راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد.

 

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری، کورتەیەکی دەربارەی پەیکەر و بەشەکان و کار و چالاکی و پلان و پڕۆژەکانی وەزارەت و کارکردنیان لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی کارنامە کابینەی نۆیەم پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە بەشێکی زۆری جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە کە بە هاوکاری و پشتیوانی بەهێزی سەرۆکی حکومەت، توانیویانە لە هەردوو بواری کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات، پێشکەوتن بەدەست بهێنن.

 

سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا، باسی لەوە کرد، کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بڕیارماندا چاکسازی بکەین و دەستیشمان پێکرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی تەشەنەکردنی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، لە سەرەتادا چاکسازییەکە بە شێوەیەکی خێرا نەبوو، بەڵام سەرەڕای قەیرانەکانیش، ئێمە نەوەستاین و بەردەوامبووین لە چاکسازی و بە هۆی رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی، توانیمان سەربکەوین و ئیدارەی خۆمان بدەین، بە بێ ئەوەی پەنا بۆ قەرزرکردن ببەین بۆ ئەوەی هیچ بەرپرسیاریێتی و بارگرانییەك بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست نەکەین.

 

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکانی حکومەت کرد، کە لە دووسەد ملیۆن دۆلارەوە بووەتە حەفتا ملیۆن دۆلار، کەمکردنەوەی ئەو 130 ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتیش، نەبووەتە هۆی ئەوەی راییکردنی کاروبارەکانی حکومەت پەکی بکەوێت.

 

سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، داهاتیش لەم ماوەیە بەشێوەیەکی رێژەیی باشتربووە، بەڵام دەکرێ زۆر زیاتریش بێت لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، کە زۆر رێگە هەن بۆ زیادکردنی داهات، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانییەك لە سەر هاووڵاتییان دروست بکات.

 

سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە، کابینەی نۆیەم هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە، بەڵکو تەنیا یاساکانی باجی جێبەجێ کردووە، کە پێشتر جێبەجێ نەکراون. جەختیشی لەوە کردەوە، جێبەجێکردنی یاساکانی باج، لە قازانجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و داواجار لە خزمەتی هاووڵاتییان خەرج دەکرێت، بۆ نموونە مووچەی پێ دەدرێت و جووڵەی بازرگانی گەشە دەکات و هەل و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت. 

 

لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی کاراکردن و چاکسازیکردن لە سیستمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و خەرجی و داهاتەکانی حکومەت کرد، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ روونی و شەفافیەت و کەمکردنەوەی رووتین و رێگریکرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.