ناس کورد-
ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر و دەستگرتنی بەسەر بڕی 32 کیلۆ ماددەی ھۆشبەردا ڕاگەیاند و دەڵێت، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا تەقە و ڕووبەڕووبوونەوە دروست بووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی (پێنجشەممە 23-6-2022) ڕایگەیاند، "لە چالاکیەکدا بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەریان دەستگیرکرد و دەستیان گرت بەسەر بڕی ( ٣٢ ) کیلۆ ماددەی ھۆشبەر لەجۆری [ کریستاڵ ] و تۆمەتبار ڕووبەڕوی یاسا دەکەنەوە."
لە وردەکارییدا ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "لە شەوی ٢٠٢٢/٦/٢٢ لەسەر ڕێگەی سەرەکی نزیک ( گەڕەکی تاسلوجە )ی شاری سلێمانی، پاش کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی وورد ، ڕووبەڕوبونەوەی ھێزەکانی ئاسایش لەگەڵ تۆمەتبار و دروستبوونی تەقە، توانیان بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر بەناوی ( ھ ، ڕ ، ب ) دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی ( ٣٢ ) کیلۆ ماددەی ھۆشبەر لە جۆری کریستاڵ کە تۆمەتبار لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھێناوێتییە ناو شاری سلێمانی و بەنیاز بووە بیبات بۆ شاری ھەولێر."
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێش بەئامانج گەیاندنی کارەکەی دەستگیرکرا و ماددە ھۆشبەرەکەش دەستی بەسەردا گیرا، تۆمەتبار بەپێی ماددەی ( ٢٥ ) لە یاسای ماددە ھۆشبەرەکان ڕاگیراوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لێرەوە داوای لێبوردن لە ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی بەگشتی و ھاوڵاتیانی ( گەڕەکی تاسلوجە ) بەتایبەتی دەکەین کە لەکاتی ئەم چالاکیەدا بۆماوەیەکی کاتی تەقە دروست بووە، ھەموو لایەک ئاگاداردەکەینەوە کە ئێمە وەک ئاسایش ھەمیشە ھەوڵەکانمان بۆ سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی بەردەوامە، گەرچی ھەندێکجار دۆخەکە وادەخوازێ کە تەقە دروستببێت، دووبارە داوای لێبووردن دەکەین."