گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆمەڵی ئیسلامی: هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیاریی نەکراوە

2019.02.23 - 20:58
کۆمەڵی ئیسلامی: هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیاریی نەکراوە

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

وتەبێژی فەرمیی کۆمەڵی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دیاریی نەکراوە، دەشڵێت ئامادەن بچنە ناو گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.

ڕێبوار حەمەد بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، وادەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی دیاریینەکراوە و تا ئێستاش بڕیاری کۆتاییان لەبارەی بەشدارییکردن لە حکومەتی داهاتوو نەداوە.

لەبارەی دوو کۆبوونەوەکەی ڕابردوویان لەگەڵ پارتی، وتەبێژەکەی کۆمەڵ باسی لەوە کرد لەو کۆبوونەوانەدا باسیان لە پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حزبەکە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کراوە.

زیاد لە ساڵێکە پەیوەندییەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستان گرژی تێکەوتووە، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2017 کۆمەڵی ئیسلامی هاوشانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی حکومەت کشانەوە کە پارتی سەرۆکایەتی دەکرد.

هەرچەندە کۆمەڵی ئیسلامی لەهەڵبژاردنەکەی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستاندا  ژمارەی کورسییەکانی بۆ حەوت کورسی بەرزکردەوە، بەڵام تا ئێستا پارتی دەرگای گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی لەگەڵدا نەکردوونەتەوە، لە کاتێکدا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا لەوبارەیەوە ڕێککەوتنیان واژۆ کردەوە.

بە وتەی ڕێبوار حەمەد، جگە لە کۆبوونەوەکان، چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنیش لەنێوان سەرکردەکانی کۆمەڵ و پارتیدا ئەنجام دراوە کە تێیدا "باسی دید و تێڕوانینی کۆمەڵی ئیسلامی کراوە لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت."

"ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ چوونە ناو گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت بەپێی بەرچاوڕوونیمان لەبارەی کابینەی داهاتووی حکومەت. گرنگە بزانین دیدی ئێمە تا چەند جێی دەبێتەوە لەبەرنامەکانی ئەو حکومەتە نوێیەدا،" وتەبێژەکەی کۆمەڵی ئیسلامی وادەڵێت.

ماوەی نزیکەی پێنج مانگە هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا کابینەی نوێی حکومەت پێکهەنێندراوە و پەرلەمانی کوردستانیش دوای سوێندخواردنی یاسایی تەنها یەک کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.