ناس کورد-
لیژنەی سوتەمەنی و وزە لە پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی ڕۆژانە 400 هەزار لیتر بەنزینی 690 دیناری بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەبەخۆکانی بنێرێت و "ئەمڕۆ و بەیانی دەگات."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت بە ناس کورد (21ی حوزەیرانی 2022) دەڵێت، جگە لە بەنزینی 690 دیناری حکومەتی عێراق، ماوەیەکە لە هەولێر و دهۆک حکومەتی هەرێم بەنزینی 690 دیناری دابەش دەکات و تائێستا پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەی لێ بێبەش بووە، "بەڵام دوای نوسراومان کە لە ڕۆژی 18ی نیسانی 2022 بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بە خۆشحاڵییەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاری داوە ڕۆژانە 400 هەزار لیتر بەنزینی 690 دیناری بنێرێت، واتە جگە لە بەنزینی 690 دیناری عێراقی."
وتیشی، "ئەمە ڕێژەیەکی زۆر باش دەبێت و بڕیارە بدرێت بە پاس و تەکسی و ئۆتۆمبێڵی هێڵە گشتییەکان تاوەکو کرێی هێڵە گشتییەکان گران نەبن."
کەریم عەلی جەختیکردەوە کە "هاتنی ئەم بڕە و هەروەها بەنزینی 800 دیناری دەتوانێت بەشێکی باشی گرفتی سوتەمەنی و بەنزین چارەسەر بکرێت، هەروەها لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بڕەکەی زیاد بکرێت."