گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکەم منداڵ بەهۆی سکچوون و ڕشانەوە لە سلێمانی گیانی لەدەست دا

2022.06.18 - 09:55
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەم منداڵ بەهۆی سکچوون و ڕشانەوە لە سلێمانی گیانی لەدەست دا

ناس کورد-

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان لە سلێمانی ڕایگەیاند، منداڵێکی تەمەن سێ بۆ چوار ساڵان بە ھۆی سکچوون و ڕشانەوە گیانی لەدەستداوە چونکە "کەسوکارەکەی دەرمانی گیاییان پێداوە".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هاوکات سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە ناس کوردی ڕایگەیاند، ئەو منداڵە چوار ڕۆژ لەمەوپێش بەهۆی خواردنی دەرمانی گیایی لەلایەن کەسوکارەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

 

پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی ڕێنمایی هاوڵاتیان دەکات کە "هۆکارەکانی سکچوون و ڕشانەوە زۆرن کەواتە لەخۆتەوە چارەسەر بەکارمەهێنە چونکە چارەسەرەکانیشیان جیاوازن، لەوانەیە هۆکارەکە ڤایرۆس یان بەکتریا یان پاڕاسایت یان خواردنی شیرینی یان هەستیاری بە پڕۆتین،یان نەخۆشی گەنم و جۆ یان ژەهراوی بوون یان هەستیاری بەجۆرە خواردنێک یان کۆڕۆنا یان چەندین هۆکاری تر بێت."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە بنێیت:

 

١-هەموو ئاوێک بکوڵێنە انجا ساردی بکەرەو بۆ خواردنەوە بەکاری بهێنە.

 

٢-خواردن لەناو سەلاجە هەڵبگرە.

 

٣-سەورزە میوە پێش خواردنی جوان بشۆرەوە.

 

٤-زوو زوو دەستی منداڵەکەت بشۆ بەتایبەت دوای تەوالێت کردن.

 

٥-پاک و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە.

 

٦-بەکارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و کەوچکی یەکتر.

 

٧-دوورکەوتنەوە لەخواردنی دەرەوە بەتایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەکان.

 

٨-باش کوڵاندنی گۆشت و خواردنەکان.

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا قائیمقامییەتی سلێمانی (پێنجشەممە 16-6-2022) ڕایگەیاند، "ئەو شەمعە و بیرانەی ئاوەکەیان بەتەنکەر بە ماڵان دەفرۆشران سەرچاوی سکچون و رشانەوە بوون لەلایەن لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە داخران."   

 

هاوکات لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، ڕێکاری توند دەگرێتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکانی سکچوون و ڕێگەگرتن لە نەخۆشی کۆلێرا.