گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قوباد تاڵەبانی لەسەر بۆردومانەکەی کەلار داوایەک لە تورکیا دەکات

2022.06.17 - 21:41
App store icon Play store icon Play store icon
قوباد تاڵەبانی لەسەر بۆردومانەکەی کەلار داوایەک لە تورکیا دەکات

ناس کورد-

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەستدرێژیکردن و بەزاندنی سەروەریی خاکی کوردستان و عێراق لەزیادبوونێکی مەترسیداردایە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا (17ی حوزەیرانی 2022) دەڵێت، "وێڕای ناڕەزایی دەربڕین و ئیدانەکردنی ئەو کردەوانە لەهەر وڵات و لایەنێکەوە بێت، بەڵام ناکرێت چیتر تەنها بە لێدوان و بەیاننامە؛ ناڕەزایەتی دەرببڕین و چاوەڕوانی هێرشێکی تر بین. پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق رۆڵ و هەڵوێستی جدی هەبێت و لەڕێی گفتوگۆوە سنورێک بۆ بەزاندنی سەروەریی خاک و وڵاتمان دابندرێت."


داواش لە "وڵاتانی دراوسێ و دۆستەکانیشمان دەکەین رێز لە تایبەتمەندیی ھەرێمی كوردستان بگرن و سەلامەتی گیانی ھاوڵاتیانی كوردستان لەوە زیاتر نەخەنە مەترسیەوە."

 

ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەمڕۆ لە کەلار لەلایەن "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە" کرایە ئامانج سێ ژن و دوو پیاوی تێدا بووە کە سەرجەمیان ئەندامی ڕێکخستنەکانی پەکەکەن و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن، لە هێرشەکەدا سێ ژن و پیاوێک کوژراون، پیاوێکی تر بە برینداری لە نەخۆشخانەیە.  

  

ڕادیۆی دەنگ کە گرنگی بە ڕووداوەکانی گەرمیان دەدات چەند زانیارییەکی ئاشکراکردووە (17ی حوزەیرانی 2022) دەڵێت، بۆردومانەکە کاتژمێر 9:30ی خولەکی بەیانی بووە و ئۆتۆمبیلێكى جۆری "جێپ لاریدۆ"ی پێکاوە له‌ پشت سایلۆی دانه‌وێڵه‌ له‌ باكورى كه‌لار کە دەکەوێتە نێوان گونده‌كانى (به‌رلوت) و (قاسم ئاغا).  

  

ئه‌وه‌ى تائێستا ئاشكرا بووه‌ چوار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و كه‌سێكیش بریندارە و دۆخی تەندروستی جێگیرە، سەرجەم بەرکەوتووان خه‌ڵكى ڕۆژئاواى كوردستانن و ناسنامەکانیان ئاشکرا بووە.  

  

كه‌سه‌ به‌ ئامانجگیراوان كادیری ڕێكخستنه‌كانى پەکەکەن و دوێنێ له‌ سلێمانیه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ گه‌رمیان و ئه‌مڕۆ ویستویانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سلێمانى.  

  

ئه‌و رێگایه‌ى ئۆتۆمبیله‌كه‌ى تێدا كراوه‌ به‌ ئامانج، ڕێگایه‌كى خاكییه‌، له‌باره‌ى هۆكارى گرتنه‌به‌رى ئه‌و ڕێگایه‌ باس له‌وه‌كرا كه‌ بۆ نه‌ناسینه‌وه‌یان و له‌ بازگه‌نه‌دان بووه‌، به‌ڵام ئه‌و زانیارییه‌ به‌هێزتره‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ى رێگاى كه‌لار- ده‌ربه‌ندیخان به‌كاریگه‌ری خۆپیشاندانى هاوڵاتیان دژ به‌ نه‌بوون و گرانى به‌نزین بڕابوو، بۆیه‌ له‌و ڕێگه‌ خاكیه‌وه‌ ڕۆشتون كه‌ زۆر هاوڵاتى دیكه‌ش ئه‌مڕۆ پێیدا ڕۆشتون، هه‌روه‌ك به‌ ئامانجگیراوه‌كان خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ نین و شاره‌زای جوگرافیای ناوچه‌كه‌ نه‌بوون هه‌تا به‌ ڕێگاى خاكی و پێچاوپێچدا هاتوچۆ بكه‌ن.  

  

هەرزوو دژەتیرۆری کوردستان لە پەیجی فەرمیی خۆی ڕایگەیاند، ئەوانەی لە کەلار کوژران پەکەکەن و تورکیا لێی داون.  

  

کاتژمێر 9:50 خولەکیش، واتە دوای نزیکەى 20 خولەک لە ڕووداوەکە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تویتەر ئاشکرای کرد کە لە هەرێمی کوردستان "شەش چەکداری پەکەکەمان کوشتووە".