گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

پەرلەمان ڕاپۆرتێک ئاڕاستەى حکومەت دەکات

2022.06.12 - 18:11
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمان ڕاپۆرتێک ئاڕاستەى حکومەت دەکات

ناس کورد-

 

پەرلەمانى کوردستان لیژنەیەکى تایبەتمەندى راسپارد بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ڕاپۆرت و ڕاسپارده‌كانیان سه‌باره‌ت به‌گرانیی بازاڕ و به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخی پێداویستیى ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییان تا دواتر ئاڕاستەى حکومەت بکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى پەرلەمانى کوردستان (12-6-2022)، لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەماندا وه‌زیرى بازرگانی و پیشه‌سازی، باسی له‌و هه‌نگاوانه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى كرد كه‌ بۆ چاكسازیكردن له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی كه‌رتی بازرگانی و پیشه‌سازی به‌گشتی و ڕێكخستنه‌وه‌یان ناویه‌تی و ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویستیشی له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینییه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌شی دایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی كرابوون.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

سه‌عات ١٠ى به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ٢٠٢٢/٦/١٢، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (٥)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.

 

سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لێژنه هه‌میشه‌ییه‌كان، به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.

 

به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی ڕاپۆرتی لێژنه‌ی هاوبه‌ش كه‌ پێكهاتبوو له‌ لێژنه‌ی وزه‌ و سامانه‌سرووشتییه‌كان و پیشه‌سازی و بازرگانی و لێژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی به‌كاربه‌ر، سه‌باره‌ت به‌ گرانیی بازاڕ و به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخی پێداویستیى ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییان، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی كه‌مال موسلیم، وه‌زیرى بازرگانی و پیشه‌سازی و د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن به‌ختیار شوكری، ئه‌ندام له‌ هه‌ردوو لێژنه‌كه‌دا، ده‌قى ڕاپۆرتی لێژنه‌ى هاوبه‌ش خوێندرایه‌وه‌، كه‌ تێیدا تیشكیان خستبووه‌سه‌ر دۆخی بازاڕ به‌گشتی و هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخی كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییان، له‌وانه‌ زیادبوونی تێچووی قۆناغه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌مه‌كان، به‌رزبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسان، ناجێگیریی بازاڕ و به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخ، كه‌ كاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر دۆخی بازاڕ له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخی كه‌لوپه‌ل و پێداویستیی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییان.

 

هه‌ر له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یاندا چه‌ندین ڕاسپارده‌ و پێشنیازیشیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و پرسه‌ خستۆته‌ڕوو، له‌وانه ‌بوونی پلانێكی تۆكمه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ بۆ هاوكاریكردنی بازرگانان و كارگه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ ڕێگه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ى تێچووی هاورده‌كردن و به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان، چاودێریكردنی بازاڕ و یه‌كخستنی نرخه‌كان، ڕه‌خساندنی هه‌لی یه‌كسان بۆ هه‌موو بازرگانێك بۆئه‌وه‌ى ڕكابه‌رى له‌بازاڕ دروست بكات، دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی مافی به‌كاربه‌ر له‌به‌ر ڕۆشنایی یاسای ژماره‌ ٩ى ساڵی ٢٠١٠ى په‌رله‌مانی كوردستان.

 

دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ئاماژه‌دان به‌ مادده‌ى (٩) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، ڕاگرتنی په‌خشی ڕاسته‌وخۆی گفتوگۆكردنی ئه‌و خاڵه‌ی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی (٦٠) ئه‌ندامى په‌رله‌مان په‌سند كرا.

 

پاشان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان سه‌رنج و تێبینی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ و ڕاپۆرتی لێژنه‌ى هاوبه‌ش خسته‌ڕوو و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی وه‌زیرى بازرگانی و پیشه‌سازی كرد.

 

له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌زیرى بازرگانی و پیشه‌سازی، باسی له‌و هه‌نگاوانه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى كرد كه‌ بۆ چاكسازیكردن له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی كه‌رتی بازرگانی و پیشه‌سازی به‌گشتی و ڕێكخستنه‌وه‌یان ناویه‌تی و ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویستیشی له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینییه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌شی دایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی كرابوون.

 

له‌ كۆتاییدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، سوپاسی وه‌زیرى بازرگانی و پیشه‌سازیی كرد بۆ ڕوونكردنه‌وه‌كانى و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها سوپاسی پشوودرێژیی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و وه‌زیرى بازرگانی و وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مانی كرد و به‌ ئاماژه‌كردنیش به‌ماده‌ی (٦٧) بڕگەی سێیەم پاش خستنه‌ڕووی ڕاپۆرتی لێژنه‌ی هاوبه‌ش و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و وه‌ڵامه‌كانی وه‌زیرى بازرگانی، داواى ڕه‌زامه‌ندبوونی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی به‌ڕاسپاردنی لێژنه‌ی هاوبه‌ش بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ڕاپۆرت و ڕاسپارده‌كانیان خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی دواتر وه‌كو په‌رله‌مان ئاراسته‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكرێت و به‌پێی ڕێكارى په‌یڕه‌وی به‌دواداچوونى بۆ بكرێ، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان په‌سند كرا و به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.