ناس کورد-
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی سکچوون و ڕشانەوە لەنێو منداڵاندا دەدات و رێنمایی هاووڵاتیانیش دەکات، لە خۆیانەوە دەرمان بەکارنەهێنن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا د. پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی (شەممە 11-6-2022) ڕایگەیاند، "لە ئێستادا شەپۆلێکی سکچوون و ڕشانەوە بڵاوبۆوەتەوە لە منداڵاندا و زیاتر لە ٧٠٪ نەخۆشەکان بەو هۆیەوە داخڵی نەخۆشخانە دەکرێن."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " لەماوەی ١٢ کاتژمێردا ٧٠ نەخۆش داخڵی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری کراون کە ٥٠ نەخۆشیان تووشبووی سکچوون و ڕشانەوەن."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، " هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سکچوون و ڕشانەوە زۆر زیاد دەکات لەناو منداڵاندا ئەویش بەهۆی کاریگەری بەرزی پلەی گەرمایە کە لەوانەیە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاو و خراپ هەڵگرتنی خۆراک لەناو پلەی گەرمی بەرزداو گەشەکردنی هەندێک بەکتریا لەو پلە گەرمیەدا لەگەڵ ووشک بوونەوەی منداڵ لە پلەی گەرمی بەرزداو کەمتر بەرگەگرتنی سکچوون و ڕشانەوە."
ڕێنمایی هاووڵاتیانیش دەکات و دەڵێت، "هۆکارەکانی سکچوون و ڕشانەوە زۆرن کەواتە لەخۆتەوە چارەسەر بەکارمەهێنە چونکە چارەسەرەکانیشیان جیاوازن، لەوانەیە هۆکارەکە ڤایرۆس یان بەکتریا یان پاڕاسایت یان خواردنی شیرینی یان هەستیاری بە پڕۆتین،یان نەخۆشی گەنم و جۆ یان ژەهراوی بوون یان هەستیاری بەجۆرە خواردنێک یان کۆڕۆنا یان چەندین هۆکاری تر بێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە بنێیت:
١-هەموو ئاوێک بکوڵێنە انجا ساردی بکەرەو بۆ خواردنەوە بەکاری بهێنە.
٢-خواردن لەناو سەلاجە هەڵبگرە.
٣-سەورزە میوە پێش خواردنی جوان بشۆرەوە.
٤-زوو زوو دەستی منداڵەکەت بشۆ بەتایبەت دوای تەوالێت کردن.
٥-پاک و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە.
٦-بەکارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و کەوچکی یەکتر.
٧-دوورکەوتنەوە لەخواردنی دەرەوە بەتایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەکان.
٨-باش کوڵاندنی گۆشت و خواردنەکان.