ناس کورد-
بەگوێرەی پێشبینییە کەشناسییەکان، ڕۆژی دووشەممە شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین ڕوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و تاوەکو ڕۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە بڵاوکراوەیەکدا ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە ١٢-٦-٢٠٢٢ ئاسمانی ھەرێم بە زۆری ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی کەمێک پەڵە ھەوردا، هەروەها پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ بە رێژەی ١ بۆ ٢ پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە و لەنێوان ٢٤ بۆ ٤٠ پلەدا دەبن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەکاتەکانی شەودا بۆ بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٣-٦-٢٠٢٢ لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی پێشەوەی بارستە ھەوا فێنکەکە لە بیابانەکانی سنوری نێوان عێراق و سوریا خێرایی با لەو ناوچانەدا بەرێژەیەکی بەرچاو چالاک دەبێتەوە و شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین ڕوو لە ناوچەکانی ناوەراستی عێراق دەکاتەوە و کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستانیش دەبێت بەرێژەیەکی مامناوەند."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، " لەناوچەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان کاریگەری خۆڵبارینەکە زیاتر دەبێت بەڕاورد بەناوچەکانی دیکەی ھەرێم و تا رۆژی سێشەممە ١٤-٦-٢٠٢٢ دەخایەنێت."