گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانی بەریتانیا داوای دواخستنی بریکزیت دەکات

2019.03.14 - 21:44
پەرلەمانی بەریتانیا داوای دواخستنی بریکزیت دەکات

 

ناس کورد-

 

پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا ئەو وڵاتە داوا لە یەکێتی ئەوروپا بکات بۆ دواخستنی پرۆسەی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتییەکە ناسراو بە بریکزیت.

ئەمشەو لە دانیشتنێکی پەرلەمانی بەریتانیادا، بە زۆرینەی دەنگی 412 پەرلەمانتار بەرامبەر بە 202 دەنگ، بڕیاردرا لەسەر دواخستنی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.

بەو پێیەش بەریتانیا لە 29ی ئەم مانگەدا لە یەکێتی ئەوروپا دەرناچێت وەک چۆن لەڕابردوودا پلانی بۆ دانرابوو.

تێرێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند کە دەکرێت دواخستنەکە بۆ ماوەی سێ مانگ بێت ئەگەر زۆرینەی پەرلەمانتارەکان پشتگیریی پرۆژەکەی بکەن کە هەفتەی داهاتوو دەخرێتە دەنگدانەوە.

هەروەها ئاماژەی بۆئەوەش کرد ئەگەر پرۆژەکەی ڕەتبکرێتەوە، ئەوا بەدوای دواخستنێکی زیاتردا دەگەڕێت، بەڵام هەر دواخستنێک پێویستی بە ڕەزامەندی 27 ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا هەیە.

دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی 2016 زۆرینەی بەریتانییەکان دەنگیان دا بۆ جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا، ئەو وڵاتە تووشی قەیرانێکی سیاسیی بووە.

لە ئێستادا تێرێزا مەی دەیەوێت بە رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئەو رێکخراوە جێبهێڵێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە رێککەوتنەکە بباتە پەرلەمانی وڵاتەکەی و دەنگی زۆرینەی بۆ بەدەستبهێنێت، بەڵام تا ئێستا لەوەدا سەرکەوتوونەبووە.