ناس کورد-
وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، وەزیری دارایی و ئابوری بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی لەمپەرەکانی بەردەم کۆکردنەوە و زیاترکردنی داها بەتایبەت سنوری پارێزگای سلێمانی دەشڵێت، هەر لەوبارەیەوە بڕیاری پێویستی دەرکرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم (پێنجشەممە 9-6-2022) ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم، بە ئامادەبونی دکتۆر کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باجی ھەرێم، سەبارەت بە ھۆکارەکانی سستی لە کۆکردنەوەی داھات و پێنەدانی باج و ڕسومات لەلایەن کۆمپانیاکان و بازرگانان و شوێنە گەشتیاری و ھۆتێلەکان و سەرجەم ئەو سێکتەرانەی کە پێی یاسا و ڕێنماییەکان سیستمی باج و ڕسومات دەیانگرێتەوە، بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری باجەکانی سلێمانی کۆبوەوە."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، وەزیری دارایی ڕایگەیاندووە، " لەبەرمەبنای داتاکانی بەردەست بەراورد بە سەرچاوەکانی داھات لە شاری سلێمانی ڕێژەی داھاتی کۆکراوە لە ئاستی پێویستدا نیە و ئەوەش ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر بودجە و موچەی فەرمانبەران و پرۆژەکان دەبێت."
وەزیری دارایی و ئابوری جەختیشیکردووەتەوە، " ھەموو ھەوڵەکانیان لەو چوارچێوەدایە کە جۆری خزمەتگوزارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەت بە ھاوڵاتیانی ھەرێم بە گشتی و دانیشتسوانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە ئاستێکی بەرزدا بێت."
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لای خۆشیانەوە سەرجەم بەڕێوەبەری باجەکان بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم کارەکانیان خستەڕوو.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، " لەبەرامبەریشدا وەزیری دارایی بڕیاری پێویستی لەوبارەوە دەرکرد و بەڵێنی دا بەھەماھەنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاستەنگەکانی بەردەم کۆکردنەوەی باج و داھات چارەسەربکات."