ناس کورد-
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانیی ڕایگەیاند، بەڵێن دەدەن کە نەهێڵن هیچ نەخۆشخانەیەك و بەتایبەتی نەخۆشخانەی هیوا بێ خزمەتگوزاری بێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە ۲۰۲۲/٦/٤) لە ناو نەخۆشخانەی هیوا، بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی و بەشێک لەکەسایەتی و بەرپرسانی حکومی و پزیشك و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ ژمارەیەک لە پزیشک و کارمەندی نەخۆشخانەی هیوا ئەنجامدرا.
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندوستیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " پێویستە ڕێزلێنانی ئەو جۆرە کەسانە بکەینە نەریت تاوەکو ئەوانیش بەشێوەیەکی باشتر خزمەتی زیاتری نەخۆش و نەخۆشخانەکان بکەن."
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕاشیگەیاند، " وەك خۆمان بەڵێن دەدەین کە نەهێڵین هیچ نەخۆشخانەیەک لە پارێزگای سلێمانی و بەتایبەتیش نەخۆشخانەی هیوا بێ خزمەتگوزاری بێت، دڵنیاییش دەدەینە نەخۆشانی ناو نەخۆشخانەکە بەهەموو شێوەیەک کاردەکەین تاوەکو چارەسەری پێویست وەربگرن."