گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواى 11 ساڵ

فەیسبووک تایبەتمەندییەکى دیار لەکاردەخات

2022.05.31 - 23:50
App store icon Play store icon Play store icon
فەیسبووک تایبەتمەندییەکى دیار لەکاردەخات

ناس کورد-

 

ئاگادارکردنەوەیەکی لەناکاو گەیشتە سەرجەم بەکارهێنەرانی فەیسبووک لەبارەى لەکارخستنى تایبەتمەندی ئاسایشی “هەژمارە  متمانەپێکراوەکان” کە 11 ساڵ پێش ئێستا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، بە مەبەستی پاراستنی هەژماری بەکارهێنەران لە لەدەستدان، ئەمەش پرسیاری زۆری بەدواى خۆیدا هێنا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

تایبەتمەندی هەژمارە متمانەپێکراوەکان چییە؟

 

لە ساڵی ٢٠١١ فەیسبووک تایبەتمەندی "هەژمارە  متمانەپێکراوەکان"ی خستە بەردەم بەکارهێنەران، کە تێیدا رێگە بەبەکارهێنەر دەدات ٣ بۆ ٥ هاوڕێی دیاری بکات، بۆ ئەوەی بتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت لەکاتى نەتوانینى چوونە ژوورەوەی بۆ ناو هەژمارەکەى.

 

کاتێک ئەم تایبەتمەندییە چالاک دەبێت، “فەیسبووک” کۆدەکان بۆ ئەم هاوڕێیانە دەنێرێت، هەروەها داوا لە بەکارهێنەر دەکات پەیوەندییان لەگەڵ بکات بۆ بەدەستهێنانی ئەو کۆدانەی کە بۆیان دەنێردرێت.

 

بەڵام بە بڕیارە نوێیەکەی فەیسبووک، ئەو تایبەتمەندییە بە تەواوی کارەکانی دەوەستێت، لە چەند هەفتەی داهاتوودا.

 

لە ئاگادارکردنەوەیەکدا فەیسبووک داوا لە بەکارهێنەرەکە دەکات دڵنیابێت لەوەی ئیمەیڵەکەی و ژمارەیەکی تەلەفۆنی دەستڕاگەیشتنى تۆمارکردبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت پشتیان پێ ببەستێت بۆ وەرگرتنەوەی ئەکاونتەکەی لە لەکاتێکدا نەتوانێت بچێتە ژورەوە.

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە کە ڕۆژانە ١.٩٣ ملیار بەکارهێنەری چالاکی هەیە لە سەرانسەری جیهاندا، هۆکاری پشت بڕیارە لەناکاوەکەی بۆ وەستاندنی تایبەتمەندی "ئەکاونتە متمانەپێکراوەکان" ئاشکرا نەکردووە.

 

بەڵام محەمەد ئەلحەرتی پسپۆڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری ئەم هەنگاوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوی لێناوە "پێداچوونەوەیەکی گشتگیر لەلایەن فەیسبووکەوە بە هەموو ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی سەر ئەکاونتی بەکارهێنەران"، ئەوەش بەپێی "سکاى نیوز".

 

ئەو پسپۆڕە ڕوونی دەکاتەوە کە "مەبەستی فەیسبووک پشتڕاستکردنەوەی تۆمارکردنی ناونیشانی ئیمەیڵ و ژمارەی تەلەفۆنە، بۆ ئەوەی بەکارهێنەران بتوانن بە شێوازی متمانەپێکراوتر ئەکاونتەکانیان پارێزراو بن".

 

ئەو پێیوایە کێشەی پشت ئەم هەنگاوە "نەبوونی بەدیلێکی پارێزراوە بۆ هەموو بەکارهێنەران، کە بریتییە لە تایبەتمەندی فەیسبووک پرۆتێکت، کە تۆڕەکە پێشکەشی ئەو سیاسەتمەداران و بەکارهێنەرانەى دەکات کە ئەکاونتەکانیان تەنها لەسەر تۆڕەکە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانیان هەیە".

 

ئەم هەنگاوەی فەیسبووک هاوکاتە لەگەڵ چالاککردنی هەندێک تایبەتمەندی، وەک تایبەتمەندی دوو هەنگاوی پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە، هەروەها پشتڕاستکردنەوەی هەندێک زانیاری کەسی وەک ئیمەیڵ و ژمارەی تەلەفۆن.