گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیاتر بزانە

باشترین کاتی وەرزشکردن بۆ ژنان جیاوازە لە پیاوان.. بەیانیان یاخود ئێواران؟

2022.05.31 - 18:31
App store icon Play store icon Play store icon
باشترین کاتی وەرزشکردن بۆ ژنان جیاوازە لە پیاوان.. بەیانیان یاخود ئێواران؟

ناس کورد-

توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی دەریخستووە کە وەرزشکردن بۆ مرۆڤ بە هەموو شێوەیەک باشە، جا لە هەر کاتێکدا بێت، بەڵام باشترین کات بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام بۆ ژنان و پیاوان جیاوازە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی توێژینەوەکە کە ماڵپەڕی بی بی سی پوختەکەی بڵاویکردووەتەوە (31ی ئایاری 2022)، خانمان لە کاتی وەرزشی بەیانیاندا چەوری جەستەیان زیاتر دەسوتێنن، لەکاتێکدا ئێواران بۆ پیاوان باشترە و ئەنجامی زیاتری دەبێت.


جیاوازی هۆرمۆنەکان، کاتژمێرە بایۆلۆژییەکان، خەوتن و هەستان دەکرێت ڕۆڵیان هەبێت لەوەدا.

 

توێژینەوەکە لەسەر 30 پیاو 26 ژن ئەنجامدراوە کە هەموویان چالاک و تەندروست بوون و تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 55 ساڵدا بووە، توێژینەوەکە 12 هەفتەی خایاندووە کە تێیدا چاودێری کاریگەرییەکانی بەرنامەیەکی هەمەچەشنی لەشجوانی کراوە کە لەسەر بەشداربووان تاقی کراوەتەوە.


گروپێک پێش کاتژمێر هەشت و نیوی بەیانی بۆ ماوەی کاتژمێرێک وەرزشیان کردووە لە کاتێکدا گروپەکەی تر هەمان چالاکییان دووبارەکردووەتەوە بەڵام لە ئێواراندا و لە نێوان کاتژمێر شەش بۆ هەشتی ئێوارە، هەموو بەشداربووان یەک پلانی خواردنیان هەبووە.


توێژەران لە ماوەی توێژینەوەکەدا پەستانی خوێن و چەوری لەشی هەمووانیان تاقیکردەوە، لەگەڵ هێزی ئایرۆبییان لە سەرەتا و کۆتاییدا.

 

هەموو ئەوانەی بەشدارییان لە توێژینەوەکەدا کردووە، لە ماوەی 12 هەفتەکەدا تەندروستیی باشتریان بەدەستهێناوە بەبێ گوێدانە کاتی وەرزشکردن، بەڵام هەمووان وەک یەک نا.

 

دکتۆر پاوڵ ئارسێریۆ، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە و پرۆفیسۆری تەندروستی و زانستە فیزیۆلۆژییەکانی مرۆڤ لە کۆلێژی سکیدمۆر لە ویلایەتی نیویۆرک دەڵێت: "باشترین کات بۆ وەرزشکردن ئەو کاتەیە کە دەتوانیت ئەنجامی بدەیت و لەگەڵ کاروباری ڕۆژانەتدا بیگونجێنی" بەڵام ئەو جەخت دەکاتەوە کە "باشترین کات بۆ وەرزشکردن جیاوازە بۆ ژنان و پیاوان."

 

زوو یان درەنگ؟
دکتۆر ئارسێریۆ دەڵێت، "بە پشتبەستن بە ئەنجامەکان، ئەو ژنانەی ئارەزووی کەمکردنەوەی چەوری ناوەڕاستی لەش و پەستانی خوێنیان دەکەن، پێویستە بە بەیانیاندا وەرزش بکەن."

 

بەڵام دەڵێت، ئەو خانمانەی هەوڵدەدەن هێزی ماسولکەکانی سەرەوەی جەستەیان باشتر بکەن هەروەها باری گشتیی دەروونی و خواردنیان چاک بکەن، پێویستە وەرزشی ئێواران ئەنجام بدەن.

 

ئەو پیاوانەی لە تاقیکردنەوەکەدا بوون کەمتر هەستیار بوون بەرامبەر بەو کاتەی کە وەرزشیان کردووە، ئەمەش بووەهۆی باشتربوونی هێزیان لە بەیانیان و ئێواراندا.

 

بەڵام دکتۆر ئارسێریۆ دەڵێت، دەرکەوتووە وەرزشکردن لە ئێواراندا "باشترە بۆ ئەو پیاوانەی کە ئارەزووی باشترکردنی تەندروستیی دڵ و گۆڕانکاری خۆراک دەکەن، هەروەها باشبوونی لایەنی دەرونی".

 

باشترکردنی تەندروستیی میتابۆلیک واتە کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە حاڵەتەکانی وەک قەڵەوی، شەکرە جۆری دووەم، نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک.

 

بەتەواوی ڕوون نییە بۆچی وەڵامی پیاوان و ژنان بۆ کاتی وەرزشکردنیان ئەوەندە جیاواز بووە و توێژەران دەڵێن پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی زیاتر بزانرێت.

 

ئەوان دەڵێن ڕەنگە خانمان لە بەیانیاندا چەوری لەش زیاتر بسوتێنن، چونکە ئەگەری زۆرە چەوری زیادەی سکیان هەبێت، هەروەها ڕەنگە ڕیتمەکانی ناوەوەی جەستە هۆکارێک بن.