ناس کورد-
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیژنەکانی دیداری یەکێتی بەسەرکردەوە و ڕایگەیاند، بە پەرۆشەوە بەرەو ئامانجەکانی دیداری یەکێتی هەنگاودەنێن کە خۆی لە نوێبوونەوە و چاکسازیدا دەبینێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەکەی، لە دووەم رۆژی دیداری یەکێتی لە سلێمانی (یەکشەممە 29-5-2022) بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکیتی لەگەڵ لیژنەکانی دیداری یەکێتی کۆبووەوە و لەنزیکەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوون و بەردوامی کارەکانی دیدارەکە کرد و رایگەیاند، "جێگای دڵخۆشییە کە هەڤاڵانمان بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بەردەوامن و بەتێبینی و پێشنیارەکانیان دیدارەکە دەوڵەمەندتر دەکەن."
ئەوەش هاتووە، سەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند، "بە پەرۆشەوە بەرەو ئامانجەکانی دیداری یەکێتی هەنگاودەنێین کە خۆی لە نوێبوونەوە و چاکسازی لە حزبە تێکۆشەرەکەماندا دەبینێتەوە، داڕشتنەوەی سیاسەتێکی سەردەمییانە و دانانی ستراتیژێکی پتەوە تاوەکو بتوانین لەو رێگەیەوە خزمەتی زیاتری خەڵکی خۆشەویستی کوردستان بکەین."
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خەبات بۆ هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات و هەمەجۆری لیژنەکانی دیدارەکەش هەر لەوپێناوەدایە، هیچ سێکتەرێکمان لەیاد نەکردووە و دەمانەوێت کاری باشتر بکەین و خزمەتی زیاتر پێشکەش بکەین."