گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

کۆمسیۆن ئەگەرێک بۆ بەکارهێنانى تۆمارەکەى بەغدا بۆ هەڵبژاردنى هەرێم ئاشکرادەکات

2022.05.29 - 17:58
App store icon Play store icon Play store icon
کۆمسیۆن ئەگەرێک بۆ بەکارهێنانى تۆمارەکەى بەغدا بۆ هەڵبژاردنى هەرێم ئاشکرادەکات

ناس کورد-



سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم داوا لە پەرلەمان و حزبەکان دەکات كێشەی كۆمسیۆن یەكلایی بكەنەوە، دەشڵێت ئەگەرى ئەوە هەیە تۆمارى دەنگدەرانى فیدراڵى کە لەلایەن بەغداوە کراوە بۆ هەڵبژاردنەکانى هەرێمیش بەکاربهێنرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هەندرێن محەمەد (29-5-2022) بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند " ئێمە پێمان باشە ئەو دامەزراوە فەرمیە ئەكتیڤ بكرێتەوە یان هەڵبژێردرێتەوە، ئینجا دوایی بابەتی ئەوەی كە یاسا دەگوردرێت یان هەڵبژاردن دەكرێت یاخود نا".

 

وتیشى " ئێمە چاوەڕێی پەرلەمانین پێشتریش هەر زوو پەرلەمانمان لە تەواوبوونی وادەی كۆمسیۆن ئاگاداركردووەتەوە لە كاتی گەیشتنی مەرسومی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەو كاتیش نوسراومان بۆ كردن وتمان ئەوە نوسراوێك گەیشتووە پێویستە ئەو كۆمسیۆنە كارا بكرێتەوە بۆ هەڵبژاردن".

 "ئێستاش چاوەڕێی پەرلەمانین هەموو حزبەكان دەلێن ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام هەموویشیان دەزانن بەبێ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ئەو هەڵبژاردنە ناكرێت بۆیە لەسەریانە بە زووترین كات كێشەی ئەو كۆمسیۆنە یەكلایی بكرێتەوە".

 

سەبارەت بە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هەندرێن محەمەد وتی" پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران یەكێكە لە كارە سەرەكیەكانی ئیشی كۆمسیۆن ئێمە تۆمارێكمان هەیە ساڵی 2018 هەڵبژاردنمان پێی كرد بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا متمانەیەك هەیە بە تۆماری بایۆمەتری فیدراڵی، کە ئێمە ئەو تۆمارە بەكاربهێنین و بە تایبەتیش لە هەڵبژاردنێكی نزیك ( ساڵی ڕابردوو) بەكارهاتووە هەرهەمان ئەو لیستانە بخرێنەوە بنكەكانی دەنگدان .ئێمە دەڵێن چی لە بەرژەوەندی میلەت و كوردستانیانە ئەوە بكرێت وەك كۆمسیۆن".

 

سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان جەختدەکاتەوە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بژاردەیەكی ئاسان نییە و دەڵێت" با ئەو كۆمسیۆنە كارا بكرێتەوە یان كۆمسیۆنێكی نوێ هەلبژێرن بەهەرشێوەیەك كە دەیانەوێ بۆ نموونە باسی ئەوە دەكرێت كە دادوەر بێت یان بەهەرشێوەیەكی تر بۆ ئەوەی ئەو كۆمسیۆنە بەلایەنی كەم ئامادەكاری بكات، و دوای ئەوە ئەگەر هەر گۆڕانكاریەك لە یاسا هەبێت بدرێتە ئەو كۆمسیۆنە و هەڵبژاردنەكانی پێ بكرێت. دانیشتن لەگەڵ یەكتر باشترین چارەیە دەبێت ئاخاوتن و لێكتیگەیشتن هەبێت لەو بڕوایەدام چەند دانیشتن و دانوستاندن هەبێت ئەوا زووتر دەگەنە ئەنجام".