کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح
لەگەڵ ئەوەی داعش لەناوچە جیاجیاكانی پارێزگای نەینەوا نەماوە، بەڵام ئەو رێكخراوە لەدوای خۆی دەیان گۆڕی بەكۆمەڵی بەجێهێشتووە كە مەزەندەی ئەوە دەكرێت روفاتی زیاتر لە نۆ هەزارقوربانی تێدا حەشار درابێت، بەوتەی ئەندامێكی پارێزگای نەینەوا، حكومەتی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئامادەكاری هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە دەكات.
حوسام ئەل دین عەبار ئەندامی پارێزگای نەینەوا تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "ژمارەی ئەو گۆڕانە زۆرن و تائێستا داتایەكمان لە بەردەستدا نییە بۆ زانینی ژمارەکە بەوردی، چونكە لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوام گۆڕی بەكۆمەڵی نوێ دەدۆزنەوە ".
گۆڕە بەكۆمەڵەكان زۆربەیان دەكەونە ناو سەنتەری شاری موسڵ و شارۆچكەی حەمام عەلیل و بەعاج شەنگال ناوچەی زەنجیلی كەبەوتەی سەرچاوە نێوخۆییەكانی ئەو شارە گۆڕێكی تیدایە زیاتر لە200 روفاتی تێدا دۆزراوەتەوەو گەورەترین گۆڕی بەكۆمەڵ دەكەوێتە ناوچەی خەسفە كە مەزەندەی ئەوە دەكرێت نزیكەی نۆ هەزار ڕوفاتی تێدا بێت.
حوسام لەو بڕوایەدایە داعش بۆ ئەوەی ئەو تاوانانە بشارێتەوە لەسەر ئەو گۆڕانە هەستاوە بەدروستكردنی خانوو و هەندێكی تریانی پڕكردوەتەوە و هەندێكی تریشی كەرەڤانی لەسەر داناوون.
روونیشیكردەوە "سبەینێ (هەینی) وەفدێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و دەستەی مافی مرۆڤ دەگەنە ناوچەكە و بەنیازن دەست بكەن بە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانەو پێدەچێت سەرۆك وەزیرانی عێراقیش لەمەراسیمەكەدا ئامادەبێت."
پێشبینی دەكرێت زۆربەی قوربانیانی ناو گۆڕە بەكۆمەڵەكانی نەینەوا لەئەندامانی هێزە ئەمنییەكان و فەرمانبەرانی كۆمسیۆن و فەرمانبەری ئاسایی و هاوڵاتی ئێزیدی بن.