ناس کورد-
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، دوێنێ لە دوو ڕووداوی جیادا هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان، هەرچەندە ڕاستەوخۆ هیچ هێزێک تۆمەتبارناکات، بەڵام پەنجەی تۆمەت بۆ پەکەکە ڕادەکێشت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە لە وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا (27ی ئایاری 2022) دەڵێت، دوێنێ پێنجشەممە لە دوو ڕووداوی جیادا بە چەکی قەناس هێرش كرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و بەهاوەن گوندەکانی ناوچەکە بۆردوومان كرا.
یەکەم: بەچەکی قەناس هێرش کراوەتە سەر سەنگەرێکی لیوای چواری پیادە لە گوندی کانی ماسی و پێشمەرگەیەک بە ناوی( ن.ع/ محمد فازل محمد) بریندار بوو.
دووەم: لەکاتی هاوەن باران کردنی ناوچەکانی بامەڕنێ گولە هاوەنێک لەگوندی ئەرەدنا لە ناوچەی بامەڕنێ، لە قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆک، کەوتۆتە خوارێ، لە ئەنجامدا، دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی (یوسف کۆڤان حاجی، ئەڤەند هۆشیار)، شەهید بوون و دوو هاوڵاتیش بریندار بوون.
دەشڵێت، "ئەم ڕووداوانە لەکاتێکدا بوون کە هێزەکانی پێشمەرگە لەسەنگەرەکانی خۆیاندا بوون و هەروەها بەشێک لە گوندەکانی عەشیرەتی نێروەیی لە ئاهەنگێکی ناوچەییدا بوون لە گوندی ئەرەدنا، سەربە قەزای ئامێدی."
"ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنین کە؛ هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان نیگەرانن لەو كردەوانەو دەبێت هەموو لایەک تێبگەن کە؛ پاراستنی ئاسایش و ئارامی خەڵک و خاکی کوردستان ئەرکی لەپێشینەی هێزەکانی پێشمەرگەیە وسازش ناكەن لەجێبەجێ كردنی ئەو ئەركەیان."
وەزارەتەکە جەختیکردووەتەوە کە "هیوادارین ململانێکانی سەرسنوورەکان چیتر پەل نەهاوێژێت بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و پەکەکەش لەو ناوچەیە هەوڵ نەدەن ئارامی و ئاشتەوایی هێزەکانی پێشمەرگە بقۆزنەوە. چونکە رێگە نادرێت چیتر لەم ناوچانەدا، ئاسایش و ئارامی خەڵک تێک بچێت و گیانی هاوڵاتیان و پێشمەرگە بکەوێتە مەترسییەوە."