ناس کورد-
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، لە قەزای خەبات باوکێک کوڕەکەی خۆی کوشتووە و دواتر باوکەکە بە پۆلیسی گوتووە کوڕەکەی "کەسێکی خراپ بووە" و کێشەی زۆری بۆ دروستکردووە، بۆیە بڕیاریداوە بیخنکێنێت و تەرمەکەی فڕێبداتە نێو زێی گەورە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (27ی ئایاری 2022) ڕایگەیاند: "دوای ئاگادارکردنەوەمان لە رووداوی کوشتنی گەنجێک لە قەزای خەبات، تیمێکی پشکنین چوونە شوێنی رووداوەکە و دەستکرا بە لێکۆڵینەوە لە ئەندامانی خێزانی کوژراوەکە".
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر روونی کردەوە: "لە لێکۆڵینەوەکەدا باوکی گەنجەکە دانی بەوەدانا کە کوڕەکەی خنکاندووە و دواتر تەرمەکەی فڕێداوەتە ناو زێی گەورە".
باوکە لەدایکبووی 1969یە و ناوی "س.س"ە، کوڕەکەش تەمەنی 30 ساڵ بووە و خێزاندار بووە و دوو منداڵی هەیە.
هۆگر عەزیز دەڵێت، "دوای ئەوەی بۆمان دەرکەوت باوکەکە تەرمی کوڕەکەی لەکوێ هاویشتووەتە ناو رووبارەکە، تیمێکمان بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی ناردە شوێنەکە و ئێستا بەدوای تەرمی کوڕەکەدا دەگەڕێن".
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەدا: "تاوانەکە دوێنێ پێنجشەممە 26-5-2022 کاژێر سێی بەرەبەیانی ئەنجامدراوە و پۆلیس بە کەمتر لە 24 کاژێر تاوانەکەی ئاشکراکرد و تۆمەتباریش رادەستی دادگە کرا".
لەبارەی هۆکاری کوشتنەکە گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی: "پاساوی باوکەکە بۆ کوشتنی کوڕەکەی ئەوە بووە کە کوڕەکەی کەسێکی خراپ بووە لەگەڵ خێزان و دەوروبەری و کێشەی زۆری بۆ ناونەتەوە بۆیە کوشتوویەتی".