ناس کورد-
لە بۆردومانێکدا بۆ ناوچە سنورییەکانی قەزای ئامێدی دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت کێ بۆردومانەکەی ئەنجامداوە، دژەتیرۆری کوردستان دەڵێت، پەکەکە بووە و میدیای پەکەکەش دەڵێت، تورکیا بووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-5-2022 لە بۆردومانێکدا لە ناوچە سنورییەکانی ئامێدی، دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
لەدوای بۆردومانەکە، لە ڕاگەیەنراوێکدا دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "پەکەکە بۆردومانی سنورەکانی ناحیەی بامەڕنێی کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون."
لە بەرامبەردا میدیای نزیک لە پارتی کرێکارەکانی کوردستان - پەکەکە دەڵێت، سوپای تورکیا بۆردومانی گەشت و سەیرانی هاووڵاتیانی کردووە و بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
جگە لە ڕاگەیەنراوەکەی دژەتیرۆری کوردستان، تاوەکو ئێستا هیچ دەزگایەکی هەرێم ڕوونکردنەوەی لەبارەی بۆردومانەکە بڵاونەکردووەتەوە.