گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەنراوێکی هاوبەش لە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتییەوە

2022.05.25 - 15:25
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاگەیەنراوێکی هاوبەش لە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتییەوە

ناس کورد-

هەردوو پارتیی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆبوونەوە و لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، "زەمینەیەکی لەبار بۆ گفتوگۆ و ئاساییکردنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان ھاتووەتە ئاراوە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

 

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، لیژنەیەکی ھاوبەشی مەکتەبی سیاسیی ھەردوولا گفتوگۆ دەکات لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردن و کۆبوونەوە ھاوبەشەکانی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی وەک پرەنسیپی کاری پێکەوەیی بەردەوام دەبن.

 

دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی:


ڕاگەیەنراوی ھاوبەشی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


ئەمڕۆ چواشەممە ٢٥/٥/٢٠٢٢ لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا ڕاشکاوانە پەیوەندییەکانی ھەردوولا و دۆخی ئێستای عیراق و ھەرێمی کوردستان و زەمینەی ھاریکاریی ھاوبەش و کاری پێکەوەیی، تاوتوێ کرا.

ھەردوولا جەختیان کردەوە کە دوای دەستپێشخەری و سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی، زەمینەیەکی لەبار بۆ گفتوگۆ و ئاساییکردنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا و کارکردن بۆ گێڕانەوەی متمانەی نێوان ھەردوولا و ھاریکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە ڕێگەی لێکگەیشتن و گفتوگۆوە، ھاتووەتە ئاراوە.

ھەردوولا بڕیاریان دا کە بۆ ئەم مەبەستە کۆبوونەوە ھاوبەشەکانی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی وەک پرەنسیپی کاری پێکەوەیی بەردەوام بن، ھەروەھا لیژنەیەکی ھاوبەشی مەکتەبی سیاسیی ھەردوولا بێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە ھاوکاری و پاڵپشتیی ھەردوولا بۆ حکوومەتی ھەرێمی کورستان و دامودەزگا شەرعییەکانی و بەردەوامیی ڕاگرتنی ھەڵمەتی ڕاگەیاندنی دژ بە یەکتر کردەوە.