ناس کورد-
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند، شەپۆلى خۆڵبارینى بەهێز پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە و رۆژى سێ شەممە کۆتایی دێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حسێن جەلیل وتەبێژی وەزارەتەکە (22-5-2022) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، شەپۆلەکە بارستە هەوایەکى ساردى لەگەڵدایە و دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى تۆز و خۆڵ لە بەشەکانى باکورى خۆرئاوا و خۆرئاواى وڵاتەوە بە ئاڕاستەى ناوچەکانى ناوەڕاست و باشور.
دەشڵێت، شەپۆلەکە کە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت پارێزگاکانى هەرێمیش دەگرێتەوە ئەوەش ماناى ئەوەیە کە سەرجەم عێراق دەگرێتەوە و پاش نیوەڕۆى رۆژى 24 ى ئایار لە باکور و ناوەڕاست کۆتایی دێت.
حسێن جەلیل باسى لەوەشکردووە، ئەو شەپۆلە بە شەپۆلێکى هەرێمى دادەنرێت کە کاریگەرى لەسەر ئەردەن و سوریا و عێراق و کوەست و سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و تەنانەت عەمانیش دەبێت.
داواش دەکات هاوڵاتییان بەتایبەتى ئەوانەى نەخۆشى رەبۆیان هەیە بۆ ماوەى 48 کاتژمێر نەچنە دەرەوەى ماڵەکانیان.